199وتار

سەرژمێری دانیشتوان لە (٢) ملیۆنەوە بۆ(٤٧) ملیۆن

6/4/2024 8:50:00 PM
هاوڕێ تۆفیق

واباوە هەر (١٠) ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتوان بکرێ. دوایەمین جار لەساڵی ١٩٩٧ لەسەردەمی رژێمی روخاوی سەدام حوسێن سەرژمێری کرا بەبێ بەشداری شارەکانی هەرێمی کوردستان ، چونکە ئەو وەختە کوردستان ناوچەیەکی حوکمڕانی ئازاداکراو بوو، سەدام دەسەڵاتی بەسەریدا نەبوو، بە گوێرەی ئەنجامی ئەو سەرژمێرییە کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەر(١٥) پارێزگاکەی عێراق(١٩ ملیۆن١٨٤ هەزارو ٥٤٣)  کەس بوو . لە ماوەی (٢٧) بیست و حەوت ساڵی رابردوو هەوڵی زۆردرا بۆ ئەوەی سەرژمێری گشتی بکرێ.  بەڵام هەردوو بابەتی سەرەکی( نەتەوە، مەزهەب)  بوون بە گرێ کوێرەی سەرژمێریی و پرۆسەکە تێکەڵاوی  هەواو هەوەسی سیاسی کرا و پەکیانخست . ئاشکرایە کەبەپێی نەریت دەوڵەت دابەشبوە بەسەر کوردو عەرەبی شیعەو سوننەدا. مەسەلەی مەزهەب و نەتەوەش بابەتێکی هەستیارەو ململانێی توندی لە نێوان پێکهاتەکاندا لەسەر هەیەو  هەر یەکەیان شەڕی ناسنامە دەکات . ئەمانە وایانکرد جەوهەری پرۆسەکە بگۆرێت، سەرژمێری گشتی لە پرۆژەیەکی ستراتیژی گەشەپێدان و پلانسازییەوە کرد بە پرۆژەیەکی سیاسی ئاگراوی هەستیار بۆ دیاریکردنی ناسنامە( هەویە) ، چونکە ئەگەر برگەی نەتەوە بنوسرێت، ئەوا قەبارەی ڕاستەقینەی نەتەوەکان بە تایبەتی کورد و تورکمان دیار ئەبێت، هەروەها خانەی نەتەوە بە ناراستەوخۆ وەکو ریفراندۆمێک وایە بۆ چارەنوسی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستور بە تایبەتی بۆ کەرکوک. لەلایەکی تر خانەی مەزهەب قەبارەی راستەقینەی شوێن کەوتوانی سوننەو شیعە دیاری ئەکات، ئەمەش دەرگای ئاڵۆزیی و بەریەکەوتنی تایەفی ئەکردەوە بە تایبەتی لە ناوچەکانی بەغدا و دیالە و زۆر شوێنی تر کە هەردوو تایەفەکە تیایدا نیشتەجێن. 
لەماوەی نزیکەی ئەم سێ دەیەی رابردوودا، پاش بێنەو بەرەیەکی زۆر ئەم کابینەیەی سەرۆک وەزیران سودانی بریاریاندا کە مەسەلەی خانەی نەتەوەو مەزهەب لاببەن و پرۆسەکە تەنها رەهەندێکی زانستی و مرۆیی هەبێت بۆ گەشەپێدان، بەتەواوی دابراو بکرێت لە بەکارهێنانی سیاسی. سەرئەنجام ئێستا لە قۆناغی ئەزمونیکردندان و پرۆسەکە بەردەوامە و وا بریارە لە هەموو عێراق و کوردستان هەردوو رۆژانی ٢١ و ٢٢ ی مانگی نۆڤەمبەر(١١)ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێ. بەگوێرەی دەزگای ئاماری گشتی فیدراڵی کەسەر بە وەزارەتی پلانادانە، پرۆسەکە بەشێوەی ئەلکترۆنی دەکرێ و بۆ ئەو مەبەستە کارمەندەکان ئایپاتی تایبەتکراو بەکاردەهێن و ناو وبروانامە و جۆری نەخۆشی و رەگەز و پیشەو زۆر بابەتی تری هاوڵاتیان تۆمار دەکەن. ئەمە جگە لە دیاریکردنی ماڵ و نیشتەجێ بوونی هاوڵاتیان کە دابەشبوون بەسەر گوندو شار و پارێزگاکان. 
ئەنجامی سەرژمێری:
وا بریارە پاش ١٠ رۆژ لە پرۆسەکە ئەنجامەکانی بڵاو بکرێنەوە کە چەند گرنگیەکی گەورەی ئەبێت لەوانە: 

١)مەسەلەی دابەشکردنی بودجە بەسەر پارێزگا و هەرێمەکان چارەسەر دەبێت ، بە گوێرەی دەستور بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەبێت داهات دابەشبکرێ، بەمەش پشکی هەرێمی  کوردستان بەشێوەیەکی راستی دەچەسپێت.
٢) بە گوێرەی دەستور بۆ هەر سەد هەزار هاوڵاتیەک ، یەک کورسی لە پەرلەمانی عێراق دیاری ئەکرێ، ئەمەش مانای وایە کە هەر چوارساڵ جارێک ژمارەی دانیشتوان زیاد دەکات و بەو هۆیەوە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانیش زیاد دەکەن . بەو هۆیەی کە سەرژمێری گشتی دانیشتوان نەکراوە، لە   دادگای فیدراڵی بریار دەرچوو کە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان ٣٢٩ کورسی بێت بە بێ زیادو کەم. بەڵام پاش سەرژمێری بەدڵنیاییەوە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان بۆ زیاتر کە ٤٠٠ کورسی بەرز ئەبێتەوە بۆ هەر چوارساڵ جارێکی تر دووبارە لەپاڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، ژمارەی کورسی پەرلەمانیش زیاد ئەکات. هەمان لێکدانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانیش 
راستە.  
٣)یەکەم سەرژمێری دانیشتوان لەساڵی ١٩٢٧ لەسەردەمی پاشایەتی بوە ، کۆی ژمارەی دانیشتوان ٢ ملیۆن و ٩٦٨ هەزارو٥٤ کەس بوە. بەڵام لە ئێستادا بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی دانیشتوانی عێراق ٤٥ ملیۆنی تێپەراندوە، ئەمە ئەو راستیە روون ئەکاتەوە کە ژمارەی دانیشتوان زۆر بە خێرایی زیاد دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن