175وتار

کێشە قانونیەکانی پاسپۆرت

7/23/2024 4:19:00 PM
هاوڕێ تۆفیق

پرۆژەی هەموارکردنی قانونی پاسپۆرت ژمارە(٣٢) ی ساڵی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی عێراق ئامادەکراوەو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا، پرۆژەی هەموارەکە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە خوێندرایەوە. جەوهەری پرۆژەی هەموارەکە تایبەتە بە مەسەلەی پاسپۆرتی دبلۆماسی .ئەو کەسانە کێن کە دەتوانن پاسپۆرتی دبلۆماسی وەربگرن؟ دوای تەواوبوونیان لە پۆستەکانیان پاسپۆرتی دبلۆماسیان لێ وەربگرنەوە، بۆهەمیشە، یان بۆ ماوەیەکی دورودرێژ هەر پێیان بدرێت؟ لەناو پەرلەمان هەڵایەکی گەورە دروستبوو،  گوایە زیاتر لە ٢٠ بیست هەزار پاسپۆرتی دبلۆماسی دەرکراون و بە تەنزەوە هەندێک پەرلەمانتار ووتیان؛ کچە مۆدێل پاسپۆرتی دبلۆماسی پێدراوە! پاشان لیژنەی ئاسایش و بەرگری تەمومژی لەسەر ژمارەکان لابردو وتیان تەنها نزیکەی ١٦٠٠  هەزارو شەش پاسپۆرتی دبلۆماسی دەرهێنراوەو ئەو ژمارانە ناراستن . بە کورتیەکەی پرۆژەی هەموارەکە پەیوەندی بە پلە باڵاکانەوە هەیەو تیایدا رەچاوی کێشەکانی خەڵک نەکراوە، کە خۆی ئەبینیێتەوە لەم کێشە سەرەکیانە کە بەهیواین لیژنەی بەرگری وئاسایش و پەرلەمانتاران رەچاوی بکەن و بۆ پرۆژەی هەموارەکەی زیاد بکەن. 

یەکەم: تێکچون و ونبونی پاسپۆرت: 
بە گوێرەی مادەی ٩ بڕگەی سێیەم و مادەی ١١. هاوڵاتی کە پاسپۆرتی لێ وونبوو، یان پەرەیەکی تێکچوو، ئەبێت رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە بکرێ، قورستر لەمە ئەگەر بۆ جاری دووەم تێکچوو یان ونبوو، ئەوا هاوڵاتی دەنێرن بۆ دادگای کەتن و نزیکەی شەش مانگ بۆ ساڵێکی پێ ئەچێت و وەکو تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، لەراستیدا ئەم مادانە پێچەوانەی دەقەکانی دەستور و مافەکانی مرۆڤن و سیمای دەوڵەتی پۆلیسین، نەک دەوڵەتێکی دیموکراسی سەردەم. 

دووەم: دەرهێنانی پاسپۆرت بە رەزامەندی باوانی یان سەرپەرشتی خوازی یاسایی :
بە گوێرەی مادەی( ٥ )بڕگەکانی دووەم و سێیەم ، ئەو هاوڵاتیانەی کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، بەتەنها پێویستە باوکیان رەزامەندی بدات بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت یان سەرپەرشتیاری یاساییان ، بەڵام دایکیان ئەم مافەی نیە، ئەم مەرجە پێشلکاری یاسایی مافەکانی مرۆڤە ، بە گوێرەی دەستور هەموو هاوڵاتیان لەبەردەم یاسادا وەکو یەکن و یەکسانن .ئەو مادەیە بەروونیی و بە ئاشکرایی دروستکردنی جیاکاریە، لەلایەکی تر دەیان هەزار خێزان دایک و باوک لە یەکتری جیابونەتەوەو بەم هۆیەوە مناڵەکانیان مافیان پێشێلدەکرێ. پەرلەمان تەنها شوێنی داکۆکی نیە لە ماف و پلەو پایەی حزبەکان ،بەڵکو ئەم جۆرە کێشانە،کێشەی سەرەکی هاوڵاتین و شایەنی دەنگ هەڵبرین و هەموارکردنی قانونەکەیە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن