392 دیمانە

کاردۆ محەمەد: لەگەڵ ناڕازییەکان لەسەر نەخشەرێگایەک گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتن کە گۆڕان دەباتە ئایندە

09:05 - 04/07/2023

"زەمەن"


لەم چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ "زەمەن" کاردۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی  ئاشتەوایی بزوتنەوە گۆڕان باس لە پرۆسەی ئاشتەوایی گۆڕان لەگەڵ هەڵسوڕاوە ناڕازییەكان دەكات و ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە لەسەر بەرنامە و چوارچێوەیەك بۆ كاری پێكەوەیی و هەستانەوەی گۆڕان رێكەوتون.
جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بەگۆڕانكاریی هەیە چ لەرووی سیاسەت و ئەدای بەڕێوەبردن و كارەكتەرەكانییەوە.


دیمانە: فەرەیدون بێوار

زەمەن: ئەمڕۆ ٤ی ٧ی ٢٠٢٣، لیژنەکەتان کۆبۆتەوە، زانیوومانە کە هیوایەکی بەهێز بۆ هەستانەوەی گۆڕان لای لیژنەکەتان دروستبووە، ئەمڕۆ گەیشتنە چ بەرەنجامێک؟

كاردۆ محەمەد: دوای تاوتوێكردنی سەرجەم ئەو گقتوگۆو دیدارانەی كە پێشتر كردبومان و بەرچاو رونییەكی باشمان وەرگرتووە، بۆ پێشنیاركردنی چوارچێوەیەك یان نەخشەرێگایەك كە دەتوانێ گۆڕان  لەسەری ستراتیژییەتی نوێ داڕژێتەوەو سەركردایەتییەكی نوێی بۆ هەڵبژێرێت.
بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەبوو كە بیبەنەوە بەردەم ئۆرگانەكانی خاوەن بڕیار، بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەو ئۆرگانانە وەربگرین.
ئێمە هیوایەكی زۆرمان هەیە ئەو چوارچێوەیەی كە كۆڕاییمان لەسەر كردووە، كە تەعبیر لە هەموو ئۆرگانەكان دەكات و رای بەشێكی زۆری هەڵسوڕاوانی ناڕازی تێدایە، سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ هەنگاوی كردار ی، دوای دیدار لەگەڵ ئۆرگانە رەسمییەكان. 

 زەمەن: زانیاریمان هەیە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو کۆبونەوەتان لەگەڵ هەموو ناڕازیەکان کردووە، لەگەڵ ئەوان گەیشتونەتە چ ئەنجامێک؟
كاردۆ محەمەد: لەگەڵ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە گفتوگۆ كراوەو پڕۆژە و  پێشنیارییان هەبووە، كە گۆڕان دەتوانێ لەسەر ئەو بنەمایانە لەكاری سیاسیی و رێكخراوەییی و جەماوەریی و حكومەت،  لەسەر هەموو ئەو پرسانە ئێمە بەرچاو روونیمان هەیە، گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتن بەوەی كە ئەگەر ئەم هەنگاوانە بكرێتە كرداری، زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ كۆكردنەوەی هەموو تواناكان و كارەكتەرەكان لەچوارچێوەی ئەم بەرنامەیە بتوانن پێكەوە  كاربكەین  و ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەین كە هەموومان لەسەری كۆكین. 

زەمەن: ئەوەی پەیوەستە بەخودی سیاسەتی بڕیار بەدەستانی گۆڕانەوە کە هەم ناڕازیەکان داوای گۆڕانکاری دەکەن، هەم لەناو خودی گۆڕانیشەوە داواکاری هەیە بۆ گۆڕینی جۆری سیاسەت و بەرێوەبردنی گۆڕان، ئەو خاڵانە چین کە لیژنەکەتان لەم رووەوە گەیشتووە بەو دەرەنجامە؟
كاردۆ محەمەد: گۆڕان بۆ خۆرێكخستنەوە پێویستی بەگۆڕانكاری هەیە،گۆڕانكاری لەتێگەیشتن و خوێندنەوە بۆ سیاسەت، گۆرانكاری لە كارەكتەرەكانی و ئەدای كاركردنی، هەموو ئەمانە پێویستی بە گوتارێكی سیاسیی نوێی گۆڕانە، كە هەڵەكانی رابردوو سودی لێدەبینێ و بە وەرگرتنی هەڵوێستی نوێ و گوتاری نوێ دەتوانێ بڕواتە ئاییندە.

زەمەن: ئەگەر گۆڕان ئەو هەڵوێست و گوتارە نوێیە نەگرێتەبەر کە باسی دەکەیت، ئایندەی چی لێدێت؟

کاردۆ محەمەد: گۆران ئەگەر ئەو هەڵوێست و گوتارە نوێیە نەگرێتەر  بێ ئایندە دەبێت، ئیدیی کۆتایی بە ئامادەبونی بونی دێت  وەکو  هێزێکی سیاسی  رۆڵی لە گۆرانکاری نەخشەی سیاسی هەبێت.

زەمەن: سێ هەفتەی دیکە؛ ٢٥ی ٧ یادی ١٤ ساڵەی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئایا لەویادەدا جەماوەرەکەتان گۆڕانکاری بەسیاسەتی بزوتنەوەکەتان دەبینێت؟

کاردۆ محەمەد: لە ساڵڕۆژی ١٤سالەی بزوتنەوەی گۆڕان هەموو هەوڵ و تەقڵاکانمان لەپێناوی ڕاگەیاندنی هەنگاوی کرداری بۆ ئاشتەوای گشتی و پێکەوە کارکردن  بۆکارنامەی قۆناخی نوێی کارو ئەدایی بزوتنەوەکە وسەرەتایی گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بێت و بە کرداری گۆرانکاری بینێت.

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن