250 کوردستان

روونکردنەوەیەک لە هێزەکانی 70ـوە

08:05 - 01/07/2024

زەمەن - کوردستانى

 

هێزەکانى 70 روونکردنەوەیەکیان لەبارەى راگەیەندراوە هاوبەشەکەى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک، دوور و نزیک هێزەکانمان و هێزەکانی تری هەرێمی كوردستان پەیوەندییان بەو رووداوانەوە نییە کە لە هەولێری خۆشەویست، دهۆکی دەلال و کەرکوکی قودسی کوردستان روویانداوە.

 

دەقى روونکردنەوەکەى هێزەکانى 70:

 
‎بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک، دوور و نزیک هێزەکانمان و هێزەکانی تری هەرێمی كوردستان پەیوەندییان بەو رووداوانەوە نییە کە لە هەولێری خۆشەویست، دهۆکی دەلال و کەرکوکی قودسی کوردستان روویانداوە.

‎جێگەی نیگەرانی و سەرسووڕمانە كە تەنیا نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بەغدا بە مەرامی تایبەت و وەك تۆمەت ئاماژە بە ناوی هێزەكانمان و سنووری سلێمانی دەكات. وە بەڕێز وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەڕوونی ئاماژەی بە زانیارییەكاندا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێك بهێنێت.

‎لێرەوە رایدەگەیەنین کە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەغدا وتی: ئەو تۆمەتبارانە لەبەرامبەر بڕەپارەیەکدا "تەجنید" کراون. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە و جەختیش دەکەینەوە کە؛ ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکیترمان ئەو کارەیان کردووە و نە پەیوەندیی بەهێزەکانمانەوە هەبووە.

‎ئێمە لە هێزەکانمان چاوەڕێی رێڕەوی تەواوی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقین تاوەكو راست و دروستی دوور لەمەرام و پیلانی ناڕەوا بۆ رایگشتیی وڵاتەکەمان ئاشکرابکەن  كە هەر كەس و لایەنێك لەپشت سووتاندنی بازاڕەكانەوەیە، رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.


‎لەگەڵ رێزماندا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن