105 کوردستان

دواى زیاتر لە حەوت ساڵ، سبەینێ مەسعود بارزانى دەچێتە بەغداد

09:09 - 02/07/2024


زەمەن - هەرێمی کوردستان

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکى تایبەت رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە مەسعود بارزانى، سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان دەچێتە بەغداد و زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ سەرکردە سیاسی و حکومییەکان کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیاری رۆژنامەکە ئامانج لە کۆبونەوەکە سەبارەت بە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد قسە لەسەر کۆمەڵێک تەوەر بکەن لەوانەش شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى کوردستان، دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک، کێشەکانى شەنگال و کۆتا سنووربەزاندنەکانى سوپاى تورکیا بۆ پارێزگاى دهۆک و هۆکارەکانى.

بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، رۆشتنى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد کە وەزیری ناوخۆ و دارایی و بەڕێوەبەری گشتى گومرگ و دەروازە سنورییەکانى لەخۆگرتووە، ئامادەکاریی بووە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان.

بەپێی بەدواداچوونی «زەمەن» رۆژی ٢٩ی ٩ی ٢٠١٦، دواین سەردانی مەسعود بارزانی بوو بۆ بەغدا، کە بەسەرۆكایەتی شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسانی حكومی‌و حیزبی عێراقی كۆبووەوە.















سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن