2939 کوردستان

ڤیدیۆیەکی ساختە کۆمەڵگەی کوردی لە ژاپۆن دەخاتە بەر شەپۆلێکی نوێی ڕق و کینە

09:42 - 28/08/2024

زەمەن - کوردستانی

 

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراو بە شێوەیەکی فراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە ڕۆڵی کورد "لە تیرۆر" بووەتە هۆی تاودانی شەپۆلێکی نوێی ڕقوکینە بەرامبەر ڕەوەندی کوردی لە ژاپۆن، بە شێوەیەک سەرۆک شارەوانی یەکێک لە شارەکانی ژاپۆن ناچاربوو ڕایبگەیەنێت "پشتگیری کورد ناکەم."
سەرچاوەی ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو ئەو کاتەی تەلەفزیۆنی ئاساهی وڵاتەکە ڕاپۆرتێکی هەواڵی 4 خولەک و نیوی سەبارەت بە ڕەوەندی کوردی لە ژاپۆن ئامادەکردووە. ڕاپۆرتەکە بە گشتی باسی لە ڕەوەندی کوردی و هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی و شەڕی تورکیا دژی پەکەکە کردووە.
بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە ئێکس، ڕاپۆرتە هەواڵییەکە دەستکاری کراوە و تەنها ئەو بەشانەی بەکارهێندراون کە باس لە ناساندنی پەکەکە وەک گروپێکی تیرۆرستی لەلایەن تورکیاوە دەکات. بە شێوەیەک پێناسەی ڤیدیۆکە کراوە کە گوایە کوردانی دانیشتوی شاری کاواگوچی ژاپۆن پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.
ڤیدیۆ دەستکاریکراوەکە خولەکێک و 12 چرکەیە و ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، لە ژێر ناونیشانی "بابەتێکی مشتومڕاوی: کۆمەڵی کوردی لە کاواگوچی 'پشتگیری لە تیرۆر دەکات،' حکومەتی تورکیا بڕیاردەدات بە بلۆککردنی سەروەت و سامانی."
بە گوێرەی ڕۆژنامەی ئاساهی شیمبوون، کە یەکێکە لە پێنج گەورەترین ڕۆژنامەکانی ژاپۆن، ڤیدیۆکە زیاتر لە 9 ملیۆن بینەری هەبووە و بەشێوەیەک وێنای کاربەدەستانی شاری کاواگوچی کردووە کە پشتگیری لە تیرۆر دەکەن و ناچنە ژێر باری داواکانی حکومەتی تورکیا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
ڕۆژنامەکە دەڵێت ڤیدیۆکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵوێستی ڕقوکینە بەرامبەر کورد و بەشێک لە هاووڵاتیانی ژاپۆن دەڵێن "ئەمە داگیرکاری وڵاتەکەمانە،" و هەندێکی تر دەڵێن، "دەستبەجێ سنورداشیان بکەنەوە."
دەشڵێت چەند ڕۆژێک دوای کاردانەوەکان ڤیدیۆکە سڕاوەتەوە و ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە بە ئاساهی شیمبوونی ڕاگەیاندووە، "من ڤیدیۆکەم دەستکاری نەکردووە، بەڵکو تەنها لە ئەکاونتێکی بیانی وەرمگرت و بڵاومکردەوە. وامزانی ئەمە تەواوی ڤیدیۆکەیە. بۆیە کاتێک زانیم پۆستەکەم چەواشەکارە، سڕیمەوە."
دوێنێ لە ڕاگەیێندراوێکدا تەلەفزیۆنی ئاساهی وتی کە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لە "کێشەی دروستکردووە" و سەرقاڵی ئەوەن چۆن وەڵامی بدەنەوە.

 

کۆمەڵگەی کوردی لە کاواگوچی
شاری کاواگوچی کە ڤیدیۆ مشتومڕاویەکەی لەسەر بڵاوکراوەتەوە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 600 هەزار کەسە و خاوەنی زۆرترین ڕەوەندی کوردییە لە ژاپۆن کە پێکهاتووە لە نزیکەی 3 هەزا کورد.
دوێنێ پۆلیسی شارەکە ڕایگەیاند کە سەرۆکی شارەوانی سکاڵایەکی لای ئەوان تۆمارکردووە بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە لەسەر ئەوەی گوای پشتگیری کورد دەکات.
نۆبوۆ ئۆکونۆکی، سەرۆکی شارەوانی کاواگۆچی، ڕایگەیاند، " لە کاتێکدا داوا لە حکومەتی نیشتمانی دەکەین ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەندێک لە بیانییەکان بگرێتەبەر کە کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن، داواشمان کردووە سیستەمێک دابندرێت بۆ ئەوەی بیانییەکان هەتا ئەو کاتەی سنورداش دەکرێنەوە بتوانن لە ئاستێکی شیاودا بژین....من بەرگری لە کورد ناکەم."
بە گوێرەی سەرچاوە کۆچبەرییەکانی ژاپۆن، زۆرینەی ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتە لە ساڵانی 1990 لە باکوری کوردستانەوە کۆچیان کردووە و هەتا ئێستا بەهۆی توندی سیستەمی کۆچبەری ژاپۆنەوە تەنانەت مافی پەنابەرێتیشیان پێنەدراوە.
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە توندترین یاسای پەنابەری هەیە و گروپە ڕاستڕەوەکانی وڵاتەکە، بەتایبەت حزیبی "ژاپۆن سەرەتا"، بەردەوام هۆشداری لە مەترسی پەنابەران لەسەر ئاسایشی کلتوری و ئابووری وڵاتەکەیان دەدەن.
ناوەڕاستی ساڵی 2022 حکومەتی ژاپۆن بۆ یەکەمجار مافی پەنابەرێتی دا بە کوردێک کە ساڵی 2014 لە تورکیا ڕایکردبوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە ماڵپەڕە ڕاستڕەوەکان، ڕەوەندی کوردی لە وڵاتەکە بەوە تۆمەتباردەکرێن گوایە ڕێز لە کلتوری ژاپۆن ناگرن و هەندێک ڕەفتار ئەنجامدەدەن وەکو بڵاوکردنەوەی خاشاک و ئاهەنگ گێڕان بە دەنگی بەرز و پابەند نەبوون بە هۆکاری سەلامەتی لە کارکردندا.
بۆ نمونە، ماڵپەڕی سانکێی شیبووم لە ڕاپۆرتیکی مانگی پێنجی ئەمساڵدا لە زاری ڕۆژنامەنوسێکی تورکەوە دەڵێت کوردەکان لە ناوچەی شاخاوی دورەدەستەوە هاتوون بۆ ژاپۆن و شارەزای ژیانکردن لە شارەکان نین. ماڵپەڕەکە وێنەی بارهەڵگرێکی بڵاوکردووەتەوە کە بڕێکی زۆری دار و کەلوپەلی هەڵگرتووە، وەک ئاماژە بۆ ئەوەی گوایە کورد پابەدنی هۆکاری سەلامەتی کارکردن نابێت لە وڵاتەکە.
هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، چالاکوانێکی ژاپۆنی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە دیمەنی پیاوێک نیشاندەدات لەگەڵ منداڵێک لەناو ئۆتۆمبێلێکی کارکردن دەردەکەون. چالاکوانەکە بانگەشەی ئەوە دەکات پیاوەکە کوردە و بەبێ ڕەچاوکردنی هۆکارەکانی سەلامەتی منداڵەکەی خستووەتە ئەم بارودۆخەوە.

 

فشارەکانی تورکیا
کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتەکە سەرباری یاسا توندەکانی ژاپۆن و ڕەخنەی دژە پەنابەرەکان، هەروەها ڕووبەڕووی فشارێکی بەردەوامی حکومەتی تورکیاش بووەتەوە.
مانگی چواری ساڵی 2019، ئەوکاتەی زانکۆی تۆکیۆ بڕیاری دا بە کردنەوەی خوێندنی زمانی کوردی، یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆەکە ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ناڕەزایی لەسەر بڕیارەکە دەربڕیوە.
هەروەها مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو تورکیا بە فەرمی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی ژاپۆنی بە تۆمەتی پشتگیری پەکەکە خستە لیستی تیرۆرەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمریکا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن