147 جیهان

ئایا مەنگۆلیا پوتین دەستگیردەکات؟

09:57 - 31/08/2024

زەمەن - مەنگۆلیا

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ناسراو بە لاهای، رایگەیاندوە دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا پێویستە پابەندبن بە دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی ڕووسیا ئەگەر سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

کەناڵی (بی بی سی)بەریتانی بڵاویکردوەتەوە دادگای لاهای کە تایبەتمەندە بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بنکەکەی لە لاهای پایتەختی هۆڵەندایە، داوای لەوڵاتی مەنگۆلیا کردوە  ڕۆژی سێشەممە پۆتینیان بۆ دەستگیر بکەن.

داواکارییەکەی لاهای لەدوای ئەوە دێت کۆشکی کرێملین رایگەیاندوە، رۆژی سێشەمە کە دەکاتە سێی ئەیلول سەرۆکەکەیان لەسەر بانگهێشتی دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 دادگای لاهای فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی ڕوسیا  بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە شەڕی ئۆکرانیادا دەرکرد، راستەوخۆش کۆشکی کرێملین بڕیارەکەی ئیدانەکرد و بەنادروستی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند پاڵنەری سیاسی لەپشت بڕیارەکەوەیە.

دوای دەرچونی بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادگاکەوە،ئەمە یەکەم سەردانی پۆتین دەبێت بۆ وڵاتێکی ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

وتەبێژی دادگای لاهای بە (بی بی سی)ڕاگەیاندوە کە ئەم دامەزراوەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی، پشت بە وڵاتانی ئەندام دەبەستێت و فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە 124 وڵاتی ئەندامی دادگاکە بونی هەیە.

وتەبێژەکەی لاهای ڕونیکردوەتەوە لەبەر ئەوەی  مەنگۆلیاش یەکێکە لەو وڵاتانە، ئەگەر پۆتین سەردانی بکات بڕیارەکە دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا پابەندی دەکات بە دەستگیرکردنی و گواستنەوەی بۆ لاهای بۆ ئەوەی لەوێ دادگایی بکرێت.

تەنها دادگای لاهای نییە کە ئەم داوایەی هەیە، بە هەمان شێوە ئۆکرانیا کە لە جەنگی راستەوخۆدایە لەگەڵ وڵاتی ڕوسیا داوای لە مەنگۆلیا کردوە پۆتین دەستگیر بکەن.

لەبارەی دەستگیرکردنی پۆتینەوە لەکاتی چونە ناو وڵاتی مەنگۆلیا، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندوە، هیچ نیگەرانییەک لەئارادا نییە و هەموو ئامادەکارییەکیان کردوە بۆ سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەی پۆتین.

جەختیلەوەشکردوەتەوە، هیچ هۆکار و کێشەیەک نییە  بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن