221 جیهان

نەهەنگێکی "سیخوڕی ڕووسیا" بە مردوویی دۆزرایەوە

11:55 - 02/09/2024

زەمەن - نەرویج

نەهەنگێکی سپی کە گومان دەکرێت سیخوڕی ڕووسیا بێت، لە ئاوەکانی نەرویج بە مردوویی دۆزرایەوە.

نەهەنگەکە لە جۆری بیلوگا بووە بە ناوی " هڤالدیمیر '، سەرەتا لە نەرویج بیندراوە لە نزیک ئاوەکانی ڕووسیا و پەتی لە ملدا بووە و قسەوقسەڵۆکی بە دوای خۆیدا هێنا لەسەر ئەوەی ڕەنگە سیخوڕێکی ڕووسیا بێت.

هاوکات کەناڵی گشتی ئێن ئاڕ کەی نەرویج بڵاویکردەوە نەهەنگەکە لە ڕووباری ڕیساڤیکای باشووری نەرویج بە سەرئاوکەوتوویی لەلایەن باوک و کوڕێکەوە کە خەریکی ڕاوە ماسی بوون دۆزراوەتەوە.

نەهەنگەکە کە ناوی هڤالدیمیری لێنراوە، کە بریتییە لە ناوی نەهەنگ بە نەرویجی " هڤال " و ناوی یەکەمی سەرۆکی ڕووسیا " ڤلادیمیر "، لە ڕێی کرێنێکەوە لە ئاوەکە هێندراوەتە دەرەوە و گواستراوەتەوە بۆ بەندەرێکی ئەو نزیکانە و لەوێ شیکاری بۆ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سێباستیان ستراندی زیندەزانی دەریایی بە ئێن ئاڕ کەی وت " بە داخەوە هڤالدیمیرمان بە سەرئاوکەوتوویی دۆزییەوە لە ڕووبارەکەدا. ئەو مردووە بەڵام دەستبەجێ نەزاندراوە هۆکاری مردنەکەی چی بووە." وتیشی هیچ بریندارییەکی گەورە بە لاشەی ئاژەڵەکەوە دیار نەبووە.

ستراند کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چاودێری سەرکێشییەکانی نەهەنگەکەی کردووە، وتی زۆر دڵگران بووە بە مردنی. وتی " زۆر ناخۆشە، هەتاوەکو ڕۆژی هەینیش بارودۆخی باش بووە. بۆیە دەبێت بزانین لێرە چی ڕوویداوە."

نەهەنگەکە کە 4.2 مەتر درێژ بووە و کێشی 1225 کیلۆگرام بووە، سەرەتا لە مانگی چواری ساڵی 2019 دا لەلایەن ڕاوچییەکی ماسییەوە لە نزیک دوورگەی ئینگۆیای باکوور بیندراوە، پەتی بە ملەوە بووە و شتێکی پێوە بووە کە وادیار بووە بۆ دانانی کامێرا بووە لەسەری، هەروەها قایشێکیشی پێوە بووە نوسراوە لەسەر " کەرەستەی سەینت پیتەرسبێرگ." سەینت پیتەرسبێرگ شارێکە لە ڕووسیا.

ئەوەش گومانی ئەوەی دروست کرد کە نەهەنگەکە " نەهەنگێکی سیخوڕی " بێت. شارەزایان دەڵێن هێزی دەریایی ڕووسیا بەوە ناسراوە کە مەشق بە نەهەنگەکان دەکات بۆ مەبەستی سەربازیی.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن