حزبەکانى رۆژهەڵات زڕگوێزیان چۆڵکرد و لە کەمپى سورداش جێگیرکران
08:49 - 05/09/2024
زەمەن - کوردستانى
ئەمڕۆ یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتننامەى ئەمنیى نێوان عێراق و ئێران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەگوێرەى رێککەوتنەکە دەبێت سێ کەمپى حزبەکانى رۆژهەڵات لە سلێمانى چۆڵبکرێن و بگوێزرێنەوە بۆ کەمپى عەربەت و سورداش.
ئەمڕۆ پێنجشەممە دواى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختەیان، ئاسایشى سلێمانى بە ژمارەیەک بارهەڵگرەوە چووە زڕگوێز و هەموو لە کۆمەڵەکانى پاککردەوە و دواتر لە کەمپى سورداش نیشتەجێى کردن.
بەرپرسێکى کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان دەڵێت، ئاگادارکراونەتەوە، کەمپەکانى زڕگوێزەڵە و بانەگەورە چۆڵبکەن و پێویستە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو تەواوی ئەندامەکانیان لە کەمپی سورداش جێگیربن.
چۆڵکردنی کەمپەکانی نزیک سنووری ئێران لەلایەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشێکە لە رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، کە مانگی ئازاری ساڵی 2023 لە بەغداد واژۆکراوە.