نرخى نەوت هاڕەیکرد
08:12 - 10/09/2024
زەمەن - کوردستانى
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە نرخى نەوت لە بۆرسەى جیهانى دابەزى و یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بە 68 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەى پێوەکرا.
ئەم دابەزینەى نرخى نەوت لەکاتێکدایە، دوێنێ بانکى مۆرگان ستانلى ئەمریکى هۆشدارى دا کە نرخى نەوت زیاتر دادەبەزێت و تا کۆتایى ئەمساڵ نرخەکەى ناگەڕێتەوە بۆ سەروو 80 دۆلار.
لە بودجەى گشتى عێراق نرخى یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە، نەبیل مەرسومى ئابووریناسى عێراقى دەڵێت، ئەگەر نرخى نەوت لەوە زیاتر دابەزێت، کورتهێنان بۆ بودجە دروستدەبێت، لەبەرئەوەى 90%ى بودجەى عێراق لە داهاتى نەوتە، بۆیە لەوکاتەدا مانگانە مووچە دوادەکەوێت و پێویستیشە مووچە کەمبکرێتەوە.