مامۆستا فەیزوڵا کە ٥٠ ساڵ خزمەتی زمان و کلتوری کوردی کرد کۆچی دوایی کرد
01:47 - 24/09/2024
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
پاش زیاتر لە نیو سەدە لە بەخششی مامۆستایەتی و خزمەتکردنی زمان و کولتووری کوردی، ئەمڕۆ "مامۆستا فەیزوڵڵا خورشید تۆماری" لە شاری کەرکوک کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤، مامۆستا فەیزوڵڵا خورشید تۆماری لە شاری کەرکوک کۆچی دوایی کرد، ناوبراو، هاوینی ئەمساڵ (2024) کتێبخانە و ئەرشیفی تایبەتی خۆی پێشکەش بە #ناوەندی_کوردستان، #زانکۆی_سلێمانی کرد بۆ پاراستنی.
وابڕیاربوو لەچەند ڕۆژی داهاتوودا داهاتوودا پاش کۆتاییهاتنی پۆلێنکردن و تۆمارکردنی، مەراسیمی تایبەتی بۆ ڕێکبخرێت بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا بەشدار بێت.
مامۆستا فەیزوڵڵا، ساڵی 1934 لە گوندی تۆماری سەر بە شاری کەرکووک لە دایکبووە، لە تەمەنی 9 ساڵیدا چووەتە بەر خوێندنی ئایینی لە حوجرە و بووەتە مامۆستای ئایینی، لە ساڵی 1960 پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بووەتە مامۆستای سەرەتایی و لە ژیانی پیشەییدا کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان و وشەسازیی کوردی کردووە و چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکراوەی هەیە. بەپێی ئەو ئەرشیفەی لە بەردەستی #ناوەندی_کوردستان دایە مامۆستا فەیزوڵڵا لە داڕشتنەوەی ئەلفوبێی ستانداردی کوردی و وەرگێڕانی پرۆگرامەکانی خوێندندا بۆ سەر زمانی کوردی بەشداری و ڕۆڵی چالاکی هەبووە.