بۆچی موچەی 13 هەزار خانەنشین لە هێزەکانی 70 راگیراوە؟
10:40 - 09/10/2024
زەمەن _ سلێمانی
ماوەی شەش مانگە، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70ی راگرتوە، بەپێی بەدواداچونەکانی KNN، چەندین مانگە ئەو وەزارەتە داوا دەکات دۆسیەی خانەنشینان بگوازرێتەوە بۆسەر وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام هێزەکانی 70 ئەو داواکارییەیان جێبەجێ نەکردوە.
سەرچاوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی هەرێم بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند، لە مانگی چواری ئەمساڵ هەتا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی موچەی نۆ هەزار خانەنشینی لە هێزەکانی 70 راگرتوە کە بڕەکەی سێ ملیار دیناری مانگانەیە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هۆکاری راگرتنی ئەو پارەیە ئەوەیە وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردوە، دۆسیەی سەرجەم خانەنشینان بگوزارێتەوە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەموکوڕی زۆر لە لیستەکانیان هەیە، هێزەکانی 70 ئامادە نەبوە دۆسیەکانیان بگوازنەوە بۆسەر وەزارەتی دارایی هەرێم
تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی، 13 هەزار و 600 کەس لەسەر میلاکی هێزەکانی 70 خانەنشینن لەو ژمارەیەش وەزارەتی دارایی عێراق پارەی موچەی نۆ هەزار کەسی راگرتوە، بەهۆی ئەوەی بایۆمەتریان نییە و بەشێکیشیان کەموکوڕی لە دۆسیەکانیاندا هەیە.
سلێمانی/ بریار نامیق