629 کوردستان

نوێنەرى گشتیى مامۆستایانى گرێبەست: جکومەت راستگۆ نەبوو لەگەڵمان

09:05 - 09/10/2024

زەمەن - کوردستانى

 

عەلى رەئوف نوێنەرى گشتیى مامۆستایانى گرێبەست دەڵێت، حکومەت راستگۆ نەبووە لەگەڵیان و وەکو بەڵێنیان پێدابوون مووچەى گرێبەستیان بۆ خەرج بکەن، تائێستا پێیان نەدراوە.

 

نوێنەرى گشتیى مامۆستایانى گرێبەست لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، موچەی موچەخۆران دابەش کرا، بەڕاستی کارێکی زۆر نا ئەخلاقی و نا پەروردەییە موچەی تەواوی وەزارەت و دەستەکان دابەش بکەیت، بەڵام ڕاستگۆ نەبیت لەگەڵ 37 هەزار و 900 مامۆستای وانەبێژدا کە بەحسابی ئێوە بوونەتە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ ، ئەو داهاتەی کە شایستەی نا شایستەی وانەبێژی پێدابەش دەکەن.

 

ئەوەشى راگەیاندووە، ئەو شایستە ناشایستەیەی کە داتانناوە بۆ وانەبێژان لەسەر داهاتی ناوخۆیە ، ئێوەی حکومەتی کاربەڕێکەر گومان و بێ متمانەیی دروست دەکەن لە بیرکردنەوەی ئێمەی مامۆستایاندا لە هەموو بەڵێن و کردارەکانتاندا.

 

دەشڵێ، کارێکی زۆر نا ڕەوشتیە لە 10 ی 10 2024 دا بیت و کرێی مانگی 9,8,7,6ی 2024 نەدرا بێت ! کوا بەڵێنە درۆینەکانتان ..! ئێوە وەک هەمیشە ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ ئێمە، ئەو شایستە ناشایستەیەی کە داتانناوە پێویستە بەزووترین کات دابەشبکرێت مانگەکانی 6,7,8 ی 2024 مانگی 9ی 2024 لەگەڵ مووچەی مووچەخۆران دابەشبکرێت وەک یەکەم گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژ.

 

لە کۆتاییدا نووسیویەتى، ئەگەر ئێوە یاری بەهەستی ئێمە بکەن ، ئەوا ئێمەش دەستکراوە دەبین لەهەر چالاکیەک ئەنجامی بدەین لەپێناو بەدەستهێنانی مافی خۆماندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن