65 کوردستان

مه‌سعود بارزانی: کەمتر لە ساڵێکی تر هەڵبژاردنی فیدراڵیش دەكرێت، ئومێدەوارین سوود لە ئەزموونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەربگرن

11:51 - 22/11/2024

زه‌مه‌ن – هه‌رێمی كوردستان

 

 هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.

مه‌سعود بارزانی باسی له‌وه‌ کرد "پێش مانگێک هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، پێشبینی هەموو لایەک ئەوە بوو کە ئەو هەڵبژاردنە ناکرێت، یان ئەگەر بکرێت گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام بە پێویستی ئەزانم سوپاسێکی گەرمی گەلی کوردستان بکەم، سەری ئێمەیان بەرزکردەوە و پیشانیشان دا کە لە کاتی پێویستدا هەست بە بەرپسیارەتی دەکەن."

باسی لەوەش کرد "لەو هەڵبژاردنە لە سەدا 72ـی خەڵک بەشداری کرد، ئەنجامەکانیش ئاشکرا بوون، ئومێدەوارین هەموولایەک هەڵسوکەوت لەگەڵ شەرعییەت بکەن، هەروەها هەنگاوی داهاتوو، کە دوای چەند ڕۆژێک ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕادەگەیەنرێن، دەست بە گفتوگۆ دەکرێن لەنێوان هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پەرلەمان دەست بەکار بێت و هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوا دابێت."

 بارزانی جەختیشی کردەوە "ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوو یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە لە کوردستان هەبێت."

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو سەرژمێرییەی لە سەرتاسەری عێراق کرا، جەخت کراوەتەوە، کە هیچ مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوە نییە و هیچ کاریگەریشی لەسەر ماددەی 140 نابێت، کە ئەمەش بەرچاو ڕوونیی زۆر دەبێت بۆ حکوومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی پلانەکانی بەشیوەیەکی ڕێک و پێک و زانستنیانە دابڕێژێت لە داهاتوودا."

ڕوونیشی کردەوە "دیموکراسییەت وایە، هەڵبژاردنی هەرێم، سەرژمێری، کەمتر لە ساڵێک بەرەو هەڵبژاردنی فیدراڵیش دەچین، ئومێدەوارین هەڵبژاردنی داهاتووی فیدرالیش، هەڵبژاردنێکی باش بێت و سوود لە ئەزموونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەربگرن."

ڕاشیگەیاند "مومکین نییە هیچ گرفتێک بە زۆر چارە بکرێت، خۆشبەختانە پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرال هەیە، هاوکاریش هەیە بۆ چارەکردنی هەموو گرفتەکان، ئومێد دەکەین ئەو لێکتێگەیشتنە پەرە بسێنیت، ئەگەر نیەتی باش هەبێت، پێم وایە هیچ گرفتێک نییە چارە نەکرێت".

بارزانی باسی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی کرد و گوتی: "شەڕی لوبنان و غەززە، بەداخەوە ئەو وێنانەی دەبیندرێن زۆر دڵتەزێنن، هەموو لایەکمان نزا دەکەین هەرچی زووترە ئەو شەڕە کۆتایی بێت"، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە نابێت عێراق تووشی ئەو شەڕە ببێت و تێوەبگلێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "پێشبینییەکان ئەوەیە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ترەمپ جیاوازی زۆر دەبێت لە ئیدارەی سەرۆک بایدن، ئومێدەوارین خێری بۆ هەموو جیهان ناوچەی ئێمەش تێدا بێت."

بارزانی دەشڵێت: "تیرۆر تەحەددای گەورەیە، بەڵام بەلای منەوە تەحەددای ئێستا کە لەهەمووی  گەورەتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە، کە لەهەمووشی مەترسیدارترە، بەداخەوە ئێستا لای زۆرێک لەوانەی دەسەڵاتیان هەیە دایدەپۆشن، کارخانە دروست دەکرێت بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر، ناتوانن هیچی لێ بکەن، بازرگانییەکی ئازادانەی پێدەکرێت، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، ئەمە کوشتنی نەتەوەیەکە، بۆیە ئومێد دەکەم هەموو وڵاتان بەجیددی لەسەر ئەوبابەتە بوەستن و سنوورێک بۆ ئەو شتە دابنرێت پیش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن