قۆناغى دووەمى پرۆسەى سەرژمێرى 100% تەواونەبووە و ئەگەرى درێژکردنەوەى هەیە
06:24 - 21/11/2024
زەمەن - کوردستانى
سەرەڕاى ئەوەى لە 17ى مانگەوە پرۆسەى سەرژمێرى خێزان لە هەرێمى کوردستان دەستیپیکردووە و باس لەوەدەکرێت، 99%ى خێزانەکان سەرژمێرى کراون، بەڵام هێشتا ژمارەیەکى زۆر لە خێزانەکان ماون کە سەرژمێرى نەکراون و تیمەکانى سەرژمێرى نەچوونەتە ماڵەکانیان.
لەوبارەیەوە سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، دەردەکەوێت تۆمارکردنی خێزانەکان کەی تەواو دەبێت، دەشڵێت، ئەگەر ئێمە و دەستەی ئاماری عێراق، کارەکانی سەرژمێریمان تاوەکو 12:00ـی شەو بەڕێژەی 100٪ تەواو نەکرد، رێکدەکەوین کە چۆن تەواوی بکەین.
سیروان محەمەد بریکاری وەزارەتی پلاندانانى هەرێم رایگەیاند، دوای کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو، هەر کەسێک ناوی لە سەرژمێریدا تۆمار نەکرابێت، تۆمارکردن دەوەستێت و ناتوانرێت تۆماربکرێت، تەنیا لە یەک باردا ئەگەر ئێمە و دەستەی ئاماری عێراقی، هەردوولا کارەکانمان 100٪ تەواو نەکرد، ئەوکاتە بڕیاری دیکە دەدرێت و ئێمە لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق و وەزارەتی پلاندانان لەسەر هێڵین، بۆ دانانی بەرنامەیەک.