عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر کەوتنی ئەسەد ڕاگەیاند
05:09 - 08/12/2024
زەمەن – ناوچەیی
عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت ڕێز لە ئیرادەی ئازادی هەموو سوورییەکان
بگیرێت.
لە پەیامێکدا لەدوای کۆتاییهاتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە،
بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی سووریا دەکات، هەروەها بەردەوامە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، ئەمەش بە مەبەستی پاڵنانی هەوڵەکان بەرەو سەقامگیری، لەگەڵ
پاراستنی ئاسایش و ژیان و موڵکوماڵی خەڵكی.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، عێراق پاڵپشتی هەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و
ناوچەییەکان دەکات لەپێناو دیالۆگێک کە هەموو مەزهەب و ڕەوتە جیاوازەکان تێیدا بەشدار
بن.
دەشڵێت: نابێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا بکرێت، چونکە وڵاتەکە
بۆ ناو ململانێ و دابەشبوونی زیاتر پەلکێش دەکات.