2325 جیهان

پێنج وڵات چیتر مافى مانەوە نادەن بە خەڵکى سوریا

07:48 - 09/12/2024

زەمەن - جیهانى

 

بەهۆی رووخانی رژێمی ئەسەد و ئەگەری هاتنەپێشەوەی دۆخێکی جیاواز لەسووریا، هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، فەرەنسا، یۆنان و سوید رایانگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی داواکاریی هاوڵاتییانی سووریایان بۆ مافی پەنابەرێتی لە وڵاتەکانیان راگرتووە.

 

نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی ناڕوونیی دۆخی ئێستای سووریاوە، حکومەتی وڵاتەکەی وەرگرتنی داواکاریی پەنابەرانی سووریی راگرتووە.

 

ئاژانسی پەنابەرانی سوید لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی پێشهاتەکانی سووریا، بڕیاردان لەبارەی وەرگرتنی داواکاری پەنابەرانی سووریا یاخود دیپۆرتکردنەوەیان راگیراوە و سبەی سێشەممە بڕیاری فەرمی لەوبارەیەوە دەدرێت.

 

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، کە وڵاتەکەی وەکو یەکەم وڵات لە جیهان بۆ میوانداریی زۆرترین ژمارەی سووریی ناودەبرێت، ئاشکرایکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا لە سووریا هەیە، نووسینگەی فیدراڵی بۆ کاروباری کۆچبەران و پەنابەران، بڕیار دراوە سەرجەم رێوشوێنەکانی تایبەت بە پەنابەران رابگیرێت، تاوەکو دۆخەکە رووندەبێتەوە.

 

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، وەرگرتنی داوای پەنابەرانی سووریای لە وڵاتەکەی هەڵپەسارد، خۆی بۆ دیپۆرتکردنەوەیان ئامادە دەکات.

 

وەزارەتی ناوخۆی نەمسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستاوە رێکارەکانی پەنابەرێتی کە بەڕووی هاوڵاتییانی سووریادا فەراهەم بوو، دەوەستێت، لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکراکراوە، رێنمایی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەرەکان بۆ سووریا ئامادەکراوە.

 

بەشێکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا لە یەکێتیی ئەوروپا، مافی مانەوەی مەرجداریان وەرگرتووە، ئەوەش بەومانایە دێت لەکاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسیی وڵاتەکە پێویستە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە سووریا.

 

بەگوێرەی دوایین ئامار، نزیکەی چوار ملیۆن و نیو هاوڵاتیی سووریا داوای پەناهەندەییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و لەو ژمارەیەش 800 هەزاریان تەنیا لە ئەڵمانیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن