1023 جیهان

بەپەلە.. سەرۆكی حكومەتی سوریا دەستنیشانكرا

05:34 - 09/12/2024

زەمەن - ناوچەیی

لەهەنگاوێكی نوێدا دەستەی تەحریری شام محەممەد بەشیری وەکو سەرۆکی حکومەتی رزگاریی سووریا دەستنیشان کرد و رایسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر.

 

 سەرچاوەکانی هەواڵ لە سووریاوە بڵاویانکردەوە، ئەبومحەمەد جۆلانی، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کە لە ئێستادا بە ئەحمەد شەرع خۆی دەناسێنیت، محەمەد بەشیری بۆ ئەرکی سەرۆکایەتیی حکومەتی کاتیی سووریا راسپاردووە، بۆ قۆناغی راگوزەر.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە لەنێوان سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و محەمەد جەلالی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای سووریا و محەمەد بەشیر، راسپێردراو بۆ سەرۆکی حکومەتی راگوزەر بەڕێوەچوو، گفتوگۆ کرا لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی گواستنەوەی دەسەڵات، بۆ ئەوەی سووریا دووربخرێتەوە لە ئاژاوە و پشێویی.

محەمەد بەشیر، لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023 لە پارێزگای ئێدلب لە حکومەتی رزگاریی نیشتمانی وەزیری گەشەپێدان و کاروباری مرۆیی، بووە.

پاش ئەو کۆبوونەوەیە، ئیدارەی کاروباری سیاسیی ئۆپۆزسیۆن، لە کۆبوونەوەی چڕوپڕدایە لەگەڵ باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە سووریا، بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان.


ئیدارەی کاروباری سیاسی لە دیمەشق کە ئۆپۆزسیۆن سەرپەرشتیدەکات رایگەیاند، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سووریا بە ناونیشانی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان،دەکەنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن