بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر: تورکیا سەقامگیری لە سووریا تێکدەدات
11:07 - 10/12/2024
زەمەن:-
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لە ناوچەکانى باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە تێکچوونى سەقامگیری لە سووریا و رۆژئاواى کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی کانوونی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بەردەوامی ئەنجامدانی "کردەوەی تاوانکاری" لەلایەن تورکیاوە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و رۆژئاواى کوردستان تێکدەدات، چونکە ئەو وڵاتە بە ئامانجی چەسپاندنی سیاسەتەکانی هەوڵدەدات سود لە دۆخى ناسەقامگیریى سووریا وەربگرێت.
ئاماژەی بە بۆردوومانەکانى دوێنێى سوپاى تورکیا بۆ سەر گوندێکى سنوورى عەین عیسا کردووە کە تیایدا ١٢ کەسى سڤیل گیانیانلەدەستداوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و هەروەها لە گوندێکى سنوورى کۆبانێش دوو منداڵ گیانیانلەدەستداوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و هێزە چالاکەکانى سووریا دەکات، رێگرى لە هێرشەکانى تورکیا بکەن و کار بۆ بەدیهێنانى ئاسایش و سەقامگیرى لە ناوچەکە بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێێ ئامارى روانگەى سوورى، لەمساڵدا تورکیا ١٩١ جار لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە هێرشى کردووەتەسەر بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لە ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە بەهۆیانەوە ٥٥ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٤٩ ئەندامى هێزە ئەمنییەکان و ٧٣ کەسى سڤیل برینداربوون، کە لە ناویاندا شەش ژن و سێ منداڵ هەیە.