ئەحمەد شەرع: رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت
07:02 - 22/12/2024
زەمەن - جیهانى
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، فەرماندەى گشتیى دەستەى تەحریر شام لە دیمەشقى پایتەختى سوریا پێشوازى لە هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا کرد و دواتر کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییان ئەنجامدا، ئەحمەد شەرع گوتى، رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، جا ئەوانە چ گرووپە شۆڕشگێرەکان بن، یانیش ئەو گرووپانەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن.
ئەحمەد شەرع لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا راشیگەیاند، کارى لەپێشینەمان گەڕاندنەوەی چەکە دەبێت بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
هەروەها لەبارەى تورکیاوە گوتى، لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵمان وەستاوە.. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسمان لە بەهێزکردنی حکومەتی داهاتووی سووریا کرد.
لای خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سوریای داهاتوو هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیی تێدا نابێت.. یەپەگە و پەیەدە دەستیان بەسەر رووبەرێکی گەورەی خاکی سووریا دا گرتووە، بیانووی ئەوەی کە پەکەکە و پەیەدە شەڕی دژی داعش دەکەن، بیانوویەکی قبووڵنەکراوە.
هاکان فیدان هاوکات گوتیشى، لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختمان لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووەتەوە، رێگە بە هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نادەین لە سووریا بمێنێتەوە، یەپەگە و پەکەکە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی سوریا دا نابێتەوە.