وەفدى دەم پارتى لەگەڵ باخچەلى و کورتوڵموش کۆبوونەوە
09:20 - 02/01/2025
زەمەن - کوردستانى
ئەمڕۆ شاندى پارتى یەکسانى و دیموکراسى (دەم پارتى) لەگەڵ دەوڵەت باخچەلى و نومان کورتوڵموش کۆبوونەوە و دەڵێن، وردەکارى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان پێگوتوون.
شاندەکەى دەم پارتى پێکهاتبوون لە، ئەحمەد تورك و پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەر، لەگەڵ نومان كورتوڵموش، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی توركیا كۆبونەوە، دواتر چاویان كەوت بە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا.
دواى كۆبونەوەی دەم پارتی لەگەڵ كۆرتوڵموش، سری سورەیان ئۆندەر، بۆ رۆژنامەنووسان گوتى، وردەكاری كۆبونەوەكەمان لەگەڵ ئۆجەلان پێ گەیاندووە، كاروبارەكان بەباشی بەڕێوەدەچن، و گەشبینین، رۆژی دووشەممەش، سەردانی پارتی گەلی كۆماری و پارتی دادو گەشەپێدان و سەرجەم پارتەكانی ناو پەرلەمان دەكەین.
رۆژی (28) مانگی كانونی یەكەمی رابردوو، وەفدێكی دەم پارتی، كە پێكهاتبون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەر لە ئیمڕاڵی، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانیان بینی، ئەوەش دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردودا، داوایكرد عەبدوڵا ئۆجەلان بێتە ناو فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكاران رابگەیەنێت، بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە ئاشتی لە توركیا.