بەپەلە... وەزیری دەروەی فەرەنسا و مەزڵوم عەبدی بەر لە سەردانەکەی بۆ سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە
02:15 - 04/01/2025
زەمەن:-
فرانس پرێس بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ سووریا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە و دۆخی سوریایان تاوتوێ کردەووە.
ئەمڕۆ شەممە، ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند: ژان نۆویڵ بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە و پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێکردووە و ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی سیاسیی داوە، ئەمەش بەر لەوەی دوێنێ هەینی ٣ی کانوونی دووەم سەردانی دیمەشق بکات و چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا بکەوێت.
هاوکات، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ سووریا، داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کردبوو لەگەڵ لایەنی کوردیدا بگەنە چارەسەرێکی سیاسی و کوردی بە هاوپەیمانی فەڕەنسا ناوبردبوو، داوایکردبوو بە تەواوی لەو پرۆسە سیاسییەدا بەشداربن، کە ئێستا لە سووریا دەستیپێکردووە.
هەروەها بەپێی زانیاری ژمارەیەک میدیای عەرەبی، بارۆ و عەبدی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە، لەنێویاندا هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر کۆبانێ.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختیکردووەتەوە، پێویستە شەڕ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگیرێت و هەسەدە رۆڵی گەورە لە قۆناغی راگوزەری سووریادا ببینێت.