کاتى دابەشکردنى شایستەی مانگەکانی 7 و 8ـی مامۆستایانی گرێبەست راگەیەندرا
08:52 - 05/01/2025
زەمەن - کوردستانى
هەرچەندە شایستەى مووچەى وانەبێژى مامۆستایان بۆ مانگەکانى حەوت و هەشتى 2024 کە ئێستا کراون بە گرێبەست لە سلێمانى دابەشکراوە، بەڵام تا ئێستا لە هەولێر و دهۆک دابەشنەکراوە، نوێنەرێکى مامۆستایانى گرێبەست دەڵێت، هەفتەى داهاتوو لەو دوو پارێزگایەش دابەشدەکرێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، مامۆستایانى سنوورى سلێمانى پێش سەرى ساڵ شایستەی دارایی مانگەکانی 7 و 8یان وەکو وانەبێژ وەرگرتووە، بڕیارە دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی 11، شایستەى دارایی مانگەکانی 7 و 8ـی 2024 لە هەفتەی داهاتوودا بۆ سنووری هەولێر و دهۆکیش دابەش بکرێت.