لەسەر داوای ئۆجەلان شاندی ئیمڕاڵی سەردانی دەمیرتاش دەکات
12:48 - 11/01/2025
زەمەن:-
بڕیارە شاندی ئیمڕالی لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان، سەردانی سیاسییە دەستبەسەرەکان لە نێویاندا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و لەیلا گوڤەن دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شاندی ئیمراڵی، لەسەر راسپاردەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان ئەنجامدەدات و سەردانی سیاسییە دەستبەسەرەکان لە نێویاندا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و لەیلا گوڤەن دەکات.
هاوکات بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی سەردانی گرتووخانەی ئەدیرنە بکات و لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆببێتەوە، وسبەی یەکشەممەش، لە گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگای کۆجائەلی لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ کۆدەبێتەوە.
شاندەکەی پارتی دەم لە ٢٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو، بە ئەندامێتیی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئیمراڵییان کرد و کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە کرد.
هەروەها، شاندی پارتی دەم لەچوارچێوەی دیدار و سەردانەکانیاندا، سەردانی هەریەک لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، مەحمود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، عەلی باباجان، سەرۆکی دەڤا و فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی یەرەپەیان کردووە.