67وتار

خیلافی ئەحمەد ئەلشەرع و تورکیا لەسەر کورد

1/10/2025 11:54:00 AM
ئیدریس مستەفا



ئێمە هەموان دەزانین کە تورکیا بزوێنەر و پاڵپشتیکەری سەرەکی ئەم دەسەڵاتدارێتیەی ئێستای دیمەشقە؛ بەڵام ئیستا خەریکە هەندێ ئاڵوگۆڕ دروست دەبێ لەهەندێ هەڵوێستدا لە بەرامبەر هەندێ مەسەلەدا لەوانە کورد لە سوریا. لێرەدا مەبەسم لە هەڵوێست لە گۆڕانی سیاسیە و بەس. بۆ نموونە ئەحمەد ئەڵشەرع وەک ئاارستەی فکری دینیە بەڵام دەزانێ سیاسەت شتێکی ترە بۆیە هەندێ لەم هەنگاوانەی ناوە کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم:

یەکەم: دوێنێکە هەواڵێک لە کەناڵی ئەلعەرەبیە کە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی هەیە بڵاویان کردەوە و گوتیان ئەم هەواڵەمان لە سەرچاوەیەکی نزیکەوە پیگەیشتووە گوایە لە سەردانەکەی هەفتەی پێشووی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد ئەلشەرع بە هاکان فیدانی گوتووە و داوای لێکردووە کە لە مەسەلی قەسددا گوشاریان نەخەنە سەر و  ئێمە خۆمان وەک سوریەکان لەگەڵ قەسد دادنیشین و کێشەکانمان چارەسەر دەکەین وەک دوو لایەنی سووری.

دووەم: لە دوای سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ دیمەشق چ خۆی وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا و چ رەجەب تەیب ئەردۆگان وەک سەرۆکی تورکیا چەند جارێک ئاماژەیان بەوەداوە کە چاوەڕێی دەسەڵاتدارانی دیمەشق ناکەن و خۆیان پەلاماری قەسد واتە رۆژاڤا دەدەن. بگرە سەرۆکی تورکیا دوو جار ئەم لێدوانەی بە توندی داوە کە قەسد یان چەکەکانیان دادەنێن یاخود بە چەکەکانیانەوە دەیانخەینە ژێر گڵ.

سێیەم: لە دوای سەردانەکەی هاکان فیدانەوە دوو جار دانیشتنی گرنگ لەسەر ئاستی رابەرێتی لە نێوان قەسد و هەیئەی تەحریر شام (هەتەشە) هاتۆتە چێکرن وەک بە کرمانجیەکەی دەڵێن. دانیشتنی دووەم وەک سەرچاوەکان لە رۆژاڤا باسی دەکەن کە باش بووە و هیوای لەسەر بونیاد دەنرێت.

چوارەم: گەر وەک فلاش باکێک بگەڕێینەوە بۆ دوو هەفتە لەمەوپێش، ئەحمەد ئەلشەرع لە دیمانەیەکیدا بەشیوەیەکی ئیجابی باسی کوردی کرد لەگەڵ ئەوەی دژی فیدراڵی بوو، بەلام ئەمە بە دڵنیاییەوە لامەرکەزی قبوڵ دەکات کە ئەمە بۆخۆی دەسکەوتێکی گەورەیە.

پێنجەم: ئەلشەرع باش دەزانێ کە هەموو هێزە ئەوروپی و بگرە عەرەبیەکانێش پێش ئەمانیش ئەمریکا پێیان گوتووە کە سوریای نوێ دەبێ هەموان بەشداری تێدا بکەن بەتایبەت کورد وەک بکەرێکی بەهێزی سەربازی و سیاسی و جوگرافی لە سوریادا. ئەگەرنا هیچ ولاتێک نایاتە پشتتان و ئەو دەم تەریک دەکەونەوە.

شەشەم: پرۆژەی دەولەتی سوریا فکرەیەکە ئەلشەرع لە هەموو قسەیەکیدا باسی دەکاتەوە، واتە ئەم کابرایە دەیەوێ دەوڵەتمەداری وەک سیاسەتێکی گرنگی دنیای خۆی دەبینێ و بە دوای ئەوەوەیە سوریا ببێتەوە بە وڵاتێک لە خێزانە نێودەوڵەتیەکەیدا.

حەوتەم: هەنگاوێکی تری ئەحمەد ئەلشەرع کرانەوەیەتی بە رووی دنیای عەرەبیدا هەر بۆیە یەکەمین شتێک لە سیاسەتی دەرەوەیدا کردی ناردنی وەزیری دەرەوەی خۆی بوو  بۆ لی وڵاتە عەرەبیەکان کە بە سعودیە و ئوردن و ولاتانی تری کەنداو دەستی پیکرد و بەردەوامیش دەبێ. ئامانجی سیاسی ئەلشەرع لە ئیستادا گرتنەبەری ئاراستەی عەرەبیەکەیەتی نەک ئیسلامیەکەی چونکە ئەو دەزانێ یەکیک لە رەگەزە سەرکیەکانی تەریک کەوتنی سوریا لە سەردەمی ئەسەددا و دواتریش کەوتنی ئەسەد خۆی دەرچوونی بوو لە مەدارە عەرەبیەکەی ئینجا ئەوروپی و ئەمریکیەکەی. هەر وەک زانیاریەک ئەمڕۆکە جۆو بایدن دووپاتی کردەوە کە هەتەشە هێشتا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و ئەلشەرعیش نایەوێ لەم لیستەدا بمێنێتەوە گەر دەست بە هەڵگرتنی ئەو هەنگاوانە نەکات کە دپلۆماسیە ئەمریکی و ئەورووپیەکان پێیان گووتووە.

هەشتەم: بەڵام ئایا تورکیا بەم ئارستە سیاسیە ئەلشەرع رازی دەبێ یان نا یاخود تا جەند بیدەنگی هەڵدەبژێرێ ئەوا واباشترە چاوەڕێی رۆژەکانی دادێ ببین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن