88 کوردستان

ئیدارەى خۆسەر داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات فشار لە تورکیا بکات هێرشەکانى رابگرێت

09:04 - 11/01/2025

زەمەن - کوردستانى

 

لەدوا رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد لە سوریا، توندوتیژییەكان لە سوریا زیادیكردووە و هاوكات هێرشەكانی توركیا و گروپە چەکدارەکانى نزیکیشی دژی رۆژئاوای كوردستان زیاندیانکردووە.

 

روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ دەڵێت، تەنیا لەمساڵدا تورکیا و گروپە چەکدارەکانى نزیکى 23 هێرشیان دژی ناوچەكانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 11 كەس كوژراون.

توركیا هەر لەو ماوەیەشدا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیكردووەتەوە سەر وێستگەیەكی كارەبا لە حەسەكە و زیانی زۆری بە بەرهەمهێنانی كارەبای رۆژئاوای كوردستان گەیاندووە.

ئەو رێكخراوە ئەوەشی خستوەتەڕوو كە لە ماوەی مانگێكدا 80 تاوان و توندوتیژیی لە شارەكانی تەرتوس، حومس، حەمما ئەنجامدراوە و 157 كەس بونەتە قوربانیی توندوتیژییەكان كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵن.

ئیدارەى خۆسەر لە نامەیەكدا بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان هۆشدارییداوە لەوەی، توركیا لە دوای "رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد" هێرشەكانی بە هاوكاریی چەكدارانی نزیکى زیادكردووە، هاوكات تۆپباران و بۆردومانەكانی ئەو وڵاتە لە نزیک بەنداوی تشرین زیانی بەو بەنداوە گەیاندووە.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوای لە نەتەوەیەكگرتوەكان كردووە، فشار لە تورکیا بکات هێرشەکانى بۆسەر رۆژئاواى کوردستان رابگرێت، بۆئەوەى کارەساتى مرۆیى روونەدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن