گورگە بۆرەکان و مەڕە سپیەکان و برایەتی تورک و کورد
1/10/2025 11:52:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
ڕەوشی نوێی ناوچەکە
بە گشتی لەسەر مێزی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز دیزاین کراوە و لە پشتی کەوالیسەوە ڕێککەوتنێک
هەیە لەسەر دابەشکاری ئەمەش بە جەنگ جێبەجێ
دەکرێ و وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی لەڕێی پاشکۆکانیانەوە دەبنە بەشێک لەو جەنگە
کە ڕۆڵی هەر یەکەیان دیاری کراوە ئەمەش وا دەکات نەتەوە و کەمینەکانی تر بزانن دەکەونە
سەر هێڵی کام بەرژەوەندی گرێدراوی وڵاتان
، لەم گۆڕانکاریانەدا بابەتی نەگۆڕ و گۆڕاو
هەیە ، ئەوەی ناگۆڕێت سنور و جوگرافیای وڵاتەکانە ، ئەوەی دەگۆڕێت کارئەکتەری ناو
دەوڵەتە ، لە ئێستادا سەکۆی شەڕ و بەریەککەوتنەکان گواستراوەتەوە بۆ سەر سەکۆی سوریا
هەمو وڵاتەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕێی پاشکۆکانیانەوە بونیان هەیە هەر لە تورکیا
کە ڕۆڵی سەرەکی سەر شانۆکەیە و ئیسرائیل و ئەمریکایە ، ڕوس لەبەرامبەر قرم و
دونباسی ئۆکرانیا تا ئاستێک بێدەنگە ئێرانیش لەبەرامبەر مانەوە و چەکی ناوەکی و عێراقدا
بێدەنگە و هەردولایان ئێران و ڕوس پشکی خۆیان وەرگرتوە و بێدەگن ، تورکیا ڕۆڵە سەرەکیەکە
دەبینێ چونکە سوریا بۆ تورکیا لەسەر زۆر ئاست بۆ تورکیا قوڵای ستراتیژی هەیە بە تایبەت
سنور و کورد و ئابوری ، ئەمریکا دەیەوێ عێراقێکی تری بۆ دروست نەبێ ، ئەگەر چی
دواجار کۆمپانیا زەبەلاحە فرە ڕەگەزەکانی ڕوس و چین و ئەمریکا دەبنە کارئەکتەری بەهێزی
ئابوری سوریا بەڵام لە ئێستادا گرژیەک هەیە لە نێوان تورک لەلایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا
لەلایەک ،لێرەدا مبەستمانە تیشک بخیەنە سەر کورد ئەگەر چی دروزەکان و عەلەویەکان و
کەمینەکانی تر ڕۆڵیان دەبێت ، کورد بۆ تورک ئەو ترسە گەورەیە نیە کە تورکیا وێنای
دەکات ، بەڵکو تورک کورد وەک بیانو دەبینێ لەپێناو ئامانجی گەورەدا ، تورک پێویستی
بە دوژمن زیاترە تا دۆست لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی بۆ مانەوەی یەکێتی ناوەکی خۆی و
بۆ فراوانخوازی و داگیرکاری دەرەکی ، کورد بەردەوام هەوڵی داوە تورکیایەکی ئارام و
دیموکرات هەبێ هەمو نەتەوەکان بە ئاشتی تێدا بژین ، کورد وەک پەرچەکردار ناچاربوە
پەنا بەرێتە بەر چەک و چیاکان ، تورکیش ئەوەی ویستوە ، لە ئێستادا تورک پێویستی بەنەرمی
نواندن هەیە لەگەڵ دوژمنە دروستکراوەکەی هەر بۆیە پلانی گورگە بۆرەکانی ئەرگەنەکۆن
بۆ بردنەوەی شەڕی سوریا پێویستی بەوەیە لەگەڵ مەڕەسپیەکانی کوردا بۆ ماوەی ڕاگوزەر
ڕێک بکەوێ تا پێگەی دەوڵەتی سوریای پاشکۆی تورکیا خۆی دەگرێ و نەهێڵێ ئەمریکا و
جولەکە بگەنە ئاستی لێدان لە تورکیا ، لە ئێستادا کورد لە ڕۆژئاوا بەدەر لەوەی نمایندەی
ئەمریکا دەکات دەبێت ئەوە بزانێت ئایا بەرژەوەندی ئەمریکا و تورک گەورەتر نیە لە بەرژەوەندی
ئەمریکا و کورد ، دواجار دەبێت هەدەسە هەمو سەبەتەکان ببینێت و لە دویدا ئەمریکا
کورد وەک کارتێک نەفرۆشێت بە تورکیا ، هەموشمان دەزانین ئیسرائیل ئێستە بۆیە پشتیوانی
کورد دەکات بەرژەوەندی وا دەخوازێ ، ئەوەش دەزانین کێ سەرۆک ئاپۆی گرت ، هەر بۆیە
پرۆسەی ئاشتی کورد و تورک لە تورکیا لە مێژوەوە تا تورگۆت ئۆزال و تا ئەردۆغان وەک
وایە گورگ و مەڕ دانوستان بکەن ، دواجار ئەگەر کورد لەسەر سکەی ئەمریکا خزا و ڕوبەڕوی
تورک ببێتەوە بێ پشتوپەنا مایەوە ئەوا ئەوەی لە عەفرین ڕویدا تەواوی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە
، پێشینان وتویانە ( کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە) لەم حاڵەتەدا کورد دەکەوێتە بەردەم
چارەنوسێکی کوشندەوە و ئەگەر بەری پێنەگیرێ مێژوو دوبارە دەبێتەوە ، دەبێ جەنگی هەمەلایەنە
بکات و قوربانی بدات و شەڕ بگوازێتەوە قوڵایی تورکیا و لە دەرەوەش هەمو شەقامەکانی
وڵاتانی ناتۆ بهەژێنن ، ئەوەی کوردی باشوری هێشتوەتەوە قوربانیەکانیەتی نەک ئیدارە
و دەوڵەت و سیاسەت بگرە پاشکۆ و جاشی بەینەملەلین ، دەبێ کوردی باکور و ڕۆژئاوا
قوربانی بدەن و ڕۆژهەڵات و باشوریش لەسەر ئاستی خەڵک نەک حکومڕان و حیزبەکان بەشداربن
لەم قوربانیدانە بە ڕەوەندی کوردیشەوە ، دور نیە بەرژەوەندی ئەمریکا وا بخوازێ وەک
ئەفغانستان سوریا جێبهێڵێت ، دواجار کورد لە ڕۆژئاوا دەبێت لەم قۆناغەدا بە ئۆتۆنۆمیش
ڕازی بێت ، تا وەک قۆناغێکی سەرەتا ئامادەبێت بۆ قۆناغەکانی تر ، بەتایبەت لە پێکهێنانی
سوریای نوێدا و لە نوسینەوەی دەستوردا مافی پارێزراوبێت.