173 کوردستان

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی بۆ بەهێزکردنی گوتاری کوردە لە ڕۆژئاوا

07:41 - 16/01/2025

زەمەن - کوردستانى

 

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا."

فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە، لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت."
وتیشی کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر"چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا."
وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە و لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."

نوێنەرەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە لە ڕۆڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە و وتی، "نێردراوی ئەمەریکا و فەرەنساش لە ڕۆژئاوا هەن فشارێکی زۆر دەکەن کە یەکهەڵوێستی نەتەوەییی کوردی هەبێت و تەنها لایەنێک نەبێت لە ڕۆژئاوا و ئەوەش یەکێکی ترە لەهۆکارەکانی سەردانەکە."
وتیشی، "وەک دەزانن کە پارتی پاڵپشتی هەندێک هێزی کوردی دەکات وەک ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە)، خەڵکی خۆمان لە ڕۆژئاوا پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە، لەبەر ئەوە سەردانەکە ئاساییە. وەکو تریش پەیوەندی هێزی سوریای دیموکرات پەیوەندیەکی پچڕاو نەبووە لەگەڵ پارتی و مەسعود بارزانیش."
وێرای ئەوەی کۆبوونەوەکە وەک هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوەی کورد و ڕێکخستنەوەی هەڵویستی سیاسی کورد لە سوریا دادەنرێت، بەڵام چاودێرێکی سیاسی ڕۆڵی تورکیا بە مەترسی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەکان و نزیکبوونەوەی ناوخۆی کورد بە گشتی دەزانێت.
کەمال ڕەئووف چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەسەر کورد لە پارچەکانی تر پێویستە پشتیوانی کورد بکات لە ڕۆژئاوا بە تایبەت لەم دۆخەدا کە هاتۆتە پێش لە سوریا. کۆبوونەوەی نێوانیان بە هەنگاوێکی گرنگ و سەرەتایەکی باش دەزانم بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، چونکە ماوەیەکی زۆرە گرژی لە نێوان ئەو دوو لایەنە هەبووە، وە ڕێگای سێمێلکا داخراوە و بووەتە هۆی زیانی گەورە لەو دۆخەی لە ڕۆژئاوا هەیە."
وتیشی، "بەڵام تورکیا هەوڵ دەدات کورد پەرتەوازە بێت و یەکگرتوو نەبن، سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی پەیڕەو کردووە. بەداخەوە هەندێ لایەنیش کەوتوونەتە ژێر باری ئەو سیاسەتەی تورکیا. هەرچەندە تورکیا هەوڵ بۆ تێکدانی نێو ماڵی کورد بدات، بەڵام ئەگەر کورد یەکگرتووبێت مانا و دەلالەتی نەتەوەیی قوڵی هەیە. بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستە کورد کەمتر بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەتی تورکیا، وە ڕێگە نەدەین تورکیا سیاسەتی تایبەتی خۆی بە ناوی پەرتکە و زاڵبە لەسەر کورد جێبەجێبکات."
تورکیا کە پەیوەندی ئابوری و دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە، بەڵام سەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سوریا بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن