1775 کوردستان

بەپەلە.. ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى بارزانى و مەزڵوم عەبدى بڵاوکرایەوە

09:10 - 16/01/2025

زەمەن - کوردستانى

 

بارەگاى بارزانى بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازی لە مەزڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە، بارەگاى بارزانى دەڵێت، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.


بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

 

ئەوەشى راگەیاندووە، هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن