فوئاد حسێن: عێراق هەوڵدەدات میلیشیاکانی سەر بە حکومەتی ئێران لەچەک داماڵێنێت
10:51 - 17/01/2025
زهمهن - عیراقی
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان
لە گفتوگۆدایە بۆ داماڵینیان لە چەک و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەم هەنگاوەی حکوومەتی
عێراق لە دوای گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، لەوانە لاوازبوونی
حزبوڵای لوبنان و حەماس کە دوو گرووپی گەورەن کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات و هەروەها
وەک ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا.
بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بەڕێوبەڕایەتی
داهاتووی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە کە گوشارەکان لەسەر
کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی توندتر دەبنەوە.
بە سەرنجدان بە پەیوەندییە نزیکەکانی میلیشیا شیعەکانی
عێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران و گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا،
بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لە سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتە.
بەڵام فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند باوەڕی بەوە نییە کە زریانی
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕوو لە عێراق بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دوو
سێ ساڵ لەمەوبەر باسکردنی چەکداماڵینی گروپە میلیشیاکان لەو وڵاتە "مەحاڵ"
بوو، بەڵام لە ئێستادا بوونی گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەو وڵاتە
"قبووڵ ناکرێت".
فوئاد حسێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرێک لە سەرکردە
سیاسییەکان و گرووپەکان دەستیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان
کردووە لەسەر ئەم پرسە، هیوای خواست ئەو گرووپانە چەکەکانیان دابنێن و بچنە ناو هێزە
چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییەوە.
ئەم لێدوانە وەڵامێکە لە بەغداوە بۆ قسەکانی عەلی
خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیعە ئەلسودانی،
سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای بەهێزکردنی گرووپی میلیشیای شیعەی حەشدی
شەعبی کرد.
خامنەیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتبوو
"حەشدی شەعبی یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی دەسەڵات لە عێراقدا کە دەبێت لە هەموو
کاتێک زیاتر بەهێزتر بکرێت".
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی بەغدا
لەگەڵ واشنتن لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا وتی "هیوادارام
پەیوەندییە باشەکانی ئێستا بەردەوام بن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا زووە
پێشبینی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بەرامبەر عێراق یان حکومەتی ئێران بکرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەو وڵاتە وەک
ناوبژیوانێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئێران و عەرەبستان،
وتی "وڵاتەکەی ئامادەیە ڕۆڵێکی هاوشێوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و
واشنتن بگێڕێت."
سەبارەت بە سوریا، فوئاد حسێن جەختی لە گرنگی
پرۆسەی سیاسی گشتگیر لەو وڵاتەدا کردەوە و ڕایگەیاند، بەغدا دەست بە هەناردەکردنی
نەوت و دانەوێڵە بۆ دیمەشق دەکات، ئەمەش دوای دڵنیابوون لەوەی کە دەگاتە دەستی
هاووڵاتیانی سوریا.
سەبارەت بە داعشیش باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی
عێراق نیگەرانن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو تاقمە تیرۆریستییە و لەگەڵ حاکمە نوێیەکانی
سوریا لە پەیوەندیدان.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز