132 کوردستان

رێکخەری سەنتەری میترۆ: ئەمشەو بەشدار بازیانی ئازاد دەکرێت

08:03 - 05/02/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ رۆژنامەنووس بەشدار بازیانى لەلایەن پۆلیسى سەرچنارەوە دەستگیرکرا، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ دەڵێت، ئەمشەو بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

 

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەى دەستگیرکردنى بەشدار بازیانى رایگەیاند، ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کرد و پێمگوت، خۆت کەفالەتی رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی بکە و ئێمە وەک سەنتەری میترۆ دەچینە ژێر باری ئەوەی هەرکات وادەی دادگاییکردنی هات خۆمان لەگەڵی دێین و دەیبەینە بەردەم دادوەر.

دەشڵێت، قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدام هەر ئەمشەو ببێتە کەفیلی و بەشدار بازیانی بە کەفالەت ئازاد بکات.

سەنتەرى میترۆ ئەمڕۆ راگەیەندراوێکى لەبارەى دەستگیرکردنى بەشدار بازیانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە پاشان دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریداوە بە مانەوەی لە گرتووخانە تاوەکو 9ـی شوباتی 2025.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007دا لە هیچ بڕگەیەكیدا باسی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانى نەكردووە بە هۆی كارەكەیانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن