13وتار

كورد و گرنگی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ئیتیحاد!!

2/5/2025 10:31:00 PM
چۆمان محەمەد

بەپێی دەقەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ۲٠٠٥، دەسەڵاتی یاسادان پێك دێت لە 
ئەنجومەنی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بە هەردوکیان دەبنە (السلطە التشریعیە)، وەک لە ماددەی (٤٨)ئاماژەی پێدراوە.
هەروەها بەپێی ماددەی (٦٥)دەستور ئەنجومەنێكى ياسادانان پێكدەهێنرێت كە بە (ئەنجومەنى فيدرالى) ناودەبرێت،  نوێنەرانى هەرێم و ئەو پارێزگايانە لە خۆدەگرێت كە ناكەونە سنوورى هيچ هەرێمێكەوە، پێكهاتەو مەرجەكانى ئەندامێتى و بوارى تايبەتمەندێتى ئەم ئەنجومەنەو هەرچى پەيوەنديدارە بەم بوارەوە بە ياسا ڕێكدەخرێت بە زۆرينەى دوو لە سێى 3/2 دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.
دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئێستا پرۆژە یاساکەی ئەنجومەنی فیدراڵی لەلایە سەرۆكایەتی كۆمارەوە ئامادەكراوەو خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی
خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت..
دەرچواندنی ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهاتەی كورد زۆر گرنگە،چونکە یەكێك لە پایەكانی سیستەمی فیدرالی بونی ئەم دوو ئەنجومەنیەیە،بۆیە دروستكردنی ئەنجومەنی فیدرالی بۆ پاراستنی ماف ودەسەڵاتەكانی هەرێم وپێكهاتەی كورد لەنێو دەستوری هەمیشەی عێراق،رێگریەكی باشە بۆ سەپاندنی هەژمون گەرایی وبەكاروهێنانی چەمكی زۆرینە،دەشتوانرێت ببێتە لەمپەرێكی باش ودەورێكی كاریگەری هەبیت لەئاراستەكردن وگۆڕینی هاوكێشەی حوکمڕانی وململانێی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەكان وپێكهاتەكانی عێراق..
 بەسەرنجدان لەو دەسەڵاتانەی كە پێشنیاركراوە بدرێتە ئەنجومەنی فیدرالی ئەركی زۆر گرنگی تێدایە بەتایبەت دەبێتە فلتەرێكی باش بۆ ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی عێراق دەردەچن،چونكە توانای رەتكردنەوەی یاسای هەیە و بیگێریتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق،هەروەها پێشنیاری پێدانی دەسەڵات بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی مافی هەرێمەكان لەنوێنەرایەتیكردنی دادپەروەرانە لە كۆی دامەزراوەو دەزگا فەرمیەكان..
بۆیە زۆر گرنگە وئەركی نوێنەرانی كوردە لە بغداد بەگرنگیەوە لەم پرسە بڕوانن چونکە خواستی هەموان بوەو بەرنامەی هەڵبژاردنی كۆی لایەنە سیاسیەكان بوە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن،گەر بەوردی وبەیەك ئاراستەی نیشتمانی ئامادەكاری بكەن بۆچونەكان یەك بخەن ئەم ئەنجومەنە سودی بۆ كوردو هەرێمی كوردستان دەبێت
،گەشتە سەر ئەوەی چی پێویستەوگرنگە لە پرۆژەكەدا هەبێت بۆچون وپێشنیاری باش هەن بۆ گفتوگۆ كردن..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن