818 جیهان

ئەڵمانیاش بەنیازە بڕیارێكی شۆكهێنەر بۆ پەنابەرانی كوردو نەتەوەكانی تربدات

02:56 - 12/02/2025

زەمەن:-

 

 ئەڵمانیا بەنیازە لە ١٧ی شوبات و ٤ی ئادار کۆمەڵێک پەنابەر لە هانۆڤەرەوە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغدادەوە، دیپۆرتی عێراق بکاتەوە.

 

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٥، ئەندامێکی ناوەندی میگراسیۆن سێنتروومی ئەڵمانی بۆ داکۆکی لە مافی پەنابەران لە شاری گویتنگن، ڕایگەیاند: "ئەڵمانیا بەنیازە پەنابەران بەکۆمەڵ بۆ هەندێک وڵات دیپۆرت بکاتەوە؛ لەوانە جۆرجیا، توونس، نێجیریا، پاکستان، سڕبیا و عێراق؛ هاوکات بڕیارەکە وڵاتانی سنووری شنگنیش دەگرێتەوە وەک بولگاریا و کرواتیا."

دەشڵێت: ئەڵمانیا بەنیازە لە هەموو هەرێمەکان، خەڵکی عێراق کۆبکاتەوە و لە دوو کاتی جیاوازدا کە 17ی شوبات و 4ی ئاداری ئەم ساڵە، دیپۆرتی عێراقیان بکاتەوە. هاوکات ئەو عێراقییانە هەندێکیان کێشەی پێبژاردنیان هەیە؛ هەندێکیان تاوانیان کردووە و بەشێکیان مافی پەنابەرییان پێ نەدراوە؛ بڕیارەکە ئەوانە دەگرێتەوە.

ئەو ئەندامەی ناوەندی میگراسیۆن سێنتروومی ئەڵمانی بۆ داکۆکی لە مافی پەنابەران، ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە کۆمەڵێک کورد و ئەڵمانین، بەنیازین پێش ئەو بەروارەی کە  بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران دیاریکراوە، دەچین لە فڕۆکەخانەی هانۆڤەر خۆپێشاندان دژی ئەو بڕیارە دەکەین."

لەبارەی ئەو کەسانەشی کە دیپۆرت دەکرێنەوە ئاشکرایکردووە، "ئەوانەی دیپۆرتی عێراق دەکرێنەوە هەموویان عێراقین؛ کورد و عەرەبی تێدایە؛ هاوکات کۆمەڵێک ئێزدیشیان لەگەڵە کە خەڵکی شنگالن و بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت."

رۆژی ١٣ی ١ی ٢٠٢٣ ئەڵمانیا و عێراق رێککەوتنێکیان لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە واژۆ کردووە کە مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە و پێویستە لەسەر خواستی خۆیان بگەڕێندرێنەوە عێراق، رێککەوتنەکەی عێراق و ئەڵمانیا لە ١٤ خاڵ پێکهاتووە و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە نێوان محەممەد شیاع سوودانی و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا واژۆ کراوە و هەردوو لایەن بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی و هاوئاهەنگیکردن بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە کۆچبەرانی عێراقی کۆکن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن