عەلى خامنەیى داواى پارە بلۆککراوەکانى لە قەتەر دەکاتەوە
07:17 - 20/02/2025
زەمەن - کوردستانى
عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران رایگەیاند، قەتەر بە وڵاتێکى دۆست دەزانین، داواکارین بێ گوێدانە گوشارەکانى ئەمریکا ئەو پارە بلۆککراوانەمان بۆ بگێڕنەوە کە لە کۆریاى باشوورەوە گواستراونەتەوە بۆ قەتەر.
رۆژی چوارشەممە، 19ی شوباتی 2025، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر سەردانى تارانى کرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە، خامنەیی لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند: قەتەر بە وڵاتێکی دۆست و برا دەزانین، هەرچەندە هێشتا هەندێک پرسی ناڕوون و چارەسەرنەکراو هەن، وەک گەڕانەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران کە لە کۆریای باشوورەوە گواستراونەتەوە بۆ قەتەر.
خامەنیى گوتووشیەتى، ئەگەر ئێمە لە شوێنی قەتەر بووینایە، گوشارەکانی ئەمریکامان پشتگوێدەخست و داواکارییەکانی لایەنی بەرامبەرمان دەگەڕاندەوە، چاوەڕوانی کردەوەی لەو شێوەیە لە قەتەرین.
لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا کە لە مانگی 8ی 2023 کراوە، 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور ئازاد کرا و گوازرایەوە بۆ بانکێکی قەتەر، هەروەها نزیکەی 6.6 ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراقەوە گوازرایەوە بۆ بانکەکانی عومان.