ڤلادیمیر پوتین و ئەحمەد شەرع یەکەم پەیوەندى تەلەفۆنییان ئەنجامدا
08:55 - 12/02/2025
زەمەن - جیهانى
لەدواى رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد و هەڵاتنى بۆ مۆسکۆ، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکى روسیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى نوێى سوریا یەکەم پەیوەندى تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
ئاژانسی هەواڵى سوریا (سانا) ئاشكرایكرد، ڤلادیمیر پوتین، بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سوریاوە كردووە، لە پەیوەندییەكەدا پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع كردووە بەبۆنەی دانانی بە سەرۆككۆمار، پشتیوانی روسیای بۆ یەكێتیی خاك و سەروەریی و سەقامگیریی سوریا نیشانداوە، هەروەها ئامادەیی مۆسكۆی نیشانداوە بۆ پێداچوونەوە بەو رێككەوتنانەی كە وڵاتەكەی لەگەڵ رژێمی پێشووی سوریا كردویەتی.
مۆسكۆ لەدوای راپەڕینی خەڵكی سوریاوە لە 2011دا، پاڵپشتی لە رژێمی ئەسەد دەكرد دژ بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەگەڵ سەرهەڵدانی توندوتیژیشدا لەو وڵاتە، روسیا شێوازی پشتیوانی خۆی بۆ ئەسەد گۆڕی بۆ ناردنی هێزی سەربازیی.
ئێستا كە ئیتر رژێمی ئەسەد كۆتایی هاتووە، مۆسكۆ چاوی لەوەیە پارێزگاریی لە پێگە سەربازییەكانی خۆی بكات لە سوریا، بۆ ئەمەش دانی بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا ناوە، لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە گفتوگۆیاندا لەگەڵ بەرپرسانی روس ئامادەیی خۆیان بۆ نوێكردنەوەی رێككەوتنەكان نیشانداوە، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا بابەتی رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد دەوروژێنن بەمەبەستی دادگایكردنی لە سوریاو، دیار نییە ئایا روسیا ئەم كارەیان بۆ دەكات یاخود نا.
پوتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئەمرۆیدا لەگەڵ شەرع باسی لەوەكردووە، پێویستە سزا ئابورییەكانی سەر سوریا هەڵبگیرێن، وەزیری دەرەوەی سوریاشی بانگهێشتى وڵاتەکەى كردووە بۆ ئەوەی سەردانی مۆسکۆ بكات.
لەبەرامبەردا، ئەحمەد شەرع ئامادەیی نیشانداوە بۆ كرانەوەی سوریا بەڕووی هەموو لایەنەكاندا.
راگەیەندراوی كۆشكی کرێملن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە دەڵێ، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی بەردەوامی بدرێت بەمجۆرە پەیوەندییە سودبەخشانە بۆ دانانی ئەجێندایەكی فراوان بەمەبەستی فراوانكردنی هاوكاریی دووقۆڵی و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بنیادنەرو دەوڵەمەند بووە لەڕووی كرۆكەوە.