179 جیهان

ئەمریکا بۆمبی قورسی بۆ ئیسرائیل ناردووە

01:58 - 16/02/2025

زەمەن _ جیهانی

 

 دوای بڕیاری ڕاگرتنی لەسەردەمی ئیدارەی پێشوی بایدن، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، گەیشتنی باری بۆمبی قورسی ڕاگەیاند.

 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا بەئاماژەدان بەبۆمبەکانی ئێم کەی (مارک) 84 کە بەمدواییە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە فەرمانی پێکرابوو ڕایگەیاندوە، بارێکی بۆمبی ئاسمانی قورس کە بەمدواییە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە نێردراوە، ئەمشەو گەیشتوەتە ئیسرائیل.

ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل سوپاسی ئیدارەی ترەمپی کردو ڕایگەیاند، ناردنی بۆمبی قورس کە شەوی شەممە گەیشتە ئیسرائیل زیادکردنێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی‌و سوپای ئیسرائیل.

کاتز وتی:"ئەمە زیادکردنێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی‌و هێزی ئاسمانی، سوپاسی سەرۆک تره‌مپ‌و ئیدارەی ئەمریکا دەکەم بۆ پاڵپشتییە چەسپاوەکانیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل".

باری بۆمبی قورسی کەشتییەکە بریتی بوو لەبۆمبی ئێم کەی 84 کە کێشی تەقینەوەی بەنیو تۆن مەزەندە دەکرێت‌و تیژڕەوی بەرکەوتنی 365 مەتر دەبێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل‌و سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 76 هەزار تۆن کەرەستەی سەربازی بە 678 فڕین‌و 129 باری دەریای گەیشتونەتە ئیسرائیل، ئەمەش بەگەورەترین باری ئاسمانی‌و دەریای دادەنرێت لەمێژوی ئیسرائیلدا.

بۆمبێکی 2000 پاوەندی دەتوانێت کۆنکرێت‌و کانزای ئەستور ببڕێت‌و نیوەتیرەی تەقینەوەیەکی بەرفراوان دروستبکات، ڕۆیتەرز ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەزاران بۆمبی 2000 پاوەندی بۆ ئیسرائیل ناردوە دوای هێرشەکەی 7ی مانگی 10ی ساڵی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام یەکێک لەبارەکانی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتوە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەمریکا بەبەهای ملیاران دۆلار یارمەتی بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاندوە، کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو بۆمبانەی داوە بەئیسرائیل، تره‌مپ وتی:"لەبەرئەوەی کڕیویانە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن