88 کوردستان

ئیدارەى خۆسەر: پابەندى بڕیارەکانى حکومەتى نوێى سوریا نابین

06:33 - 30/03/2025

زەمەن - جیهانى

 

ئیدارەى خۆسەر راگەیەندراوێکى لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى سوریا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەم حکومەتە هاوشێوەى حکومەتەکانى رابردووە و هیچ جیاوازییەکى نییە، دەشڵێت، بەو بڕیارانەوە پابەند نابن ئەو حکومەتە دەریدەکات.

 

لە راگەیەندراوەکەى ئیدارەى خۆسەردا هاتووە، خەڵکى سوریا چاوەڕوانبوون حکومەتێکى نیشتمانیى بە بەشداریى هەموو پێکهاتەکان پێکبهێنرێت، بەڵام شەوى شەممە 29ى ئازار حکومەتێک پێکهات کە هیچ جیاوازییەکى لەگەڵ حکومەتەکانى پێش خۆى نییە، لەبەرئەوەى هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بەشدارنین تێیدا، تەنیا خواستەکانى لایەنێک زاڵە بەسەریدا، رەچاوى پێکهاتەکانى دیکەى وڵاتەکە نەکراوە.

 

ئیدارەى خۆسەر راشیگەیاندووە، پێکهێنانى حکومەتێک کە بەدڵى لایەنێک بێت و مافى پێکهاتەکانى دیکەى تێدا نەدرێت، حکومەتێکى کەموکورت دەبێت و دووردەبێت لەو ئامانجانەى خەڵک شۆڕشیان بۆى کرد.

 

لەکۆتاییدا دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک بە بڕیارەکانى ئەو حکومەتەوە پابەند نابن تا ئەو کاتەى حکومەتێک پێکدێت کە رەنگدانەوەى هەموو پێکهاتە جیاوازەکانى گەلى سوریا بێت.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن