دوو سەرکردەى دیارى کورد لە ئەوروپا کۆبوونەوە
09:06 - 30/03/2025
زەمەن - کوردستانى
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە برۆکسل کۆبوونەوە و پرسى کوردیان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە برۆکسلى پایتەختى بەلجیکا کۆبوونەوە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکى فەرماندەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لە تۆڕى ئێکس لەبارەى کۆبوونەوەکە نووسیویەتى، بە بینینی بەڕێز تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دڵخۆش بووم. پێکەوە بابەتی گرنگمان لەبارەی پرسی کوردەوە تاوتوێ کرد.
هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاوتوێ کردووە. دەشڵێت، لەو بارەیەوە دیدگەمان هاوبەش بوو، کە ئاشتییەکی بە شکۆ بنچینەیە بۆ پەیوەندییەکان.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بۆ کۆنفرانسێک لەژێر ناوی "یەکێتی ئەورووپا؛ تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کورد" چووەنەتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا.