1116 جیهان

وتەبێژی حەماس کوژرا

09:04 - 27/03/2025

زه‌مه‌ن - جیهانی

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، عەبدول لەتیف قانوع، وتەبێژی بزووتنەوەکە، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژرا.

میدیاکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایانگەیاند "وتەبێژی بزووتنەوەکە، عەبدول لەتیف قانوع، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە باکووری غەززە کوژراوە، کە کەسایەتی دیاری بزووتنەوەکە بووە."

تەلەفزیۆنی ئەقسا، سەر بە بزووتنەوەی حەماس بڵاوی کردەوە، قانوع دوای ئەوەی خێوەتەکەی لە جەبەلیە بۆمباران کراوە، کوژراوە. سەرچاوە پزیشکیەکانیش ڕایانگەیاند "لەهەمان هێرشدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون، هاوکات لە هێرشە جیاجیاکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیکەم شەش کەس و لە خان یونس لە باشووری غەززە کەسێک کوژراون."

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسرائیل سەرکردە دیارەکانی حەماسی لەناو بردووە لەوانەش؛ ئیسماعیل بەرھوم و سەلاح بەرداویل، عەبدول لەتیف قانوع لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە.

مەکتەبی سیاسیی حەماس لە 20 ئەندام پێکدێت و تاکوو ئیستا 11یان کوژراون.

ئیسرائیل، بە دەست پێکردنەوەی بۆمبارانەکان و هەڵمەتە زەمینییەکان، کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا، تاکوو فشار بخاتە سەر حەماس بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە ماون.

وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە بڵاوی کردەوە، لەدوای دەست پێ کردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لە 18ـی ئاداروە تاکوو ئێستا، 830 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن