یەكێتی و گۆڕان دەتوانن بمێننەوە؟
9/20/2019 10:02:00 PM
ئیبراهیم عەلی
دواجار، دواین كاری هەریەك لەهەردوو رەوانشاد نەوشیروان مستەفاو جەلال تاڵەبانی، رێكەوتنی دەباشان بوو. هەردوو سەركردە قاڵبوەوەی ناو سیاسەت و ململانێ سیاسیەكانی هەرێم بوون.
كرۆكی رێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی بریتی بوو لە هاوبەشیكردن و دابەشكردنی دەسەڵات لە زۆنی سەوزو نیلی لەهەمان كاتدا مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی بەیەك سەركردایەتی هاوبەش.
بەپێی ئەو رێكەوتنەو رێكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی محەلی سلێمانی كۆمەڵێك پۆست هەن كە ئیستحقاقی بزووتنەوەی گۆڕانن بەڵام یەكێتی تا ئێستا ئیلتیزامی بە رێكەوتنەكە نەكردووەو ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكردوون.
لەلایەكی دیكە لە دوو رووداوی تەقەكردندا، تەقە لە گردەكە كراوەو ئەم تەقەكردنە بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووە.
ئەوانە وایكرد كە بزووتنەوەی گۆڕان بەناچاری بەتەنیا لەگەڵ پارتی رێكەوتن بكات.
یەكێتی، چ بە راستەوخۆ بێت چ لە رێگەی میدیا سێبەرەكەیەوە هەمیشە هێرش دەكاتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر رێكەوتنی لەگەڵ پارتیدا.
یەكێتی هەرچی بۆی بكرێت و بۆی بچێتە سەر بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان دەیكات، لەدوایشدا داوای كاری هاوبەشی لێدەكات. سەركردەكانی یەكێتی ئەگەر لەخەمی یەكێتی و ناوچە جوگرافییەكەیان بن دەبێت هەرچۆنێك بێت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێكبكەوێت. یەكێتی زۆر شت دەتوانێت بكات. تەنانەت دەتوانێت نەك ئەو پۆستانەی كە پێشتر ئیستیحقاقی گۆڕان بوون و پێی نەداون، بگرە دەتوانێت ئەو پۆستانەشی لەئێستادا لەبەر دەستی گۆڕانن لێی وەربگرێتەوە. بەڵام ئەنجامەكەی چی؟ ئایا بەم كارانە لەكۆتاییدا یەكێتی قازانج دەكات؟ ئایا دەتوانێت هاوسەنگی بۆ هاوكێشەی سیاسی لەهەرێم بگەڕێنێتەوە؟
ئەوەندەی پێتان كراو ئەوەندەی پێشتان دەكرێت برۆن ئیسقانی یەكتر بشكێنن، ئەنجامەكەی چی؟ دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆتان بكەن.
كەمێك سەیری پارتی بكەن، ئێوە كە سەرقاڵی شكاندنی ئێسقانەكانی یەكترن، بەڵام ئەو دەیەوێت بەیەكجار گۆڕ بۆ هەردووكتان هەڵبكەنێت، چونكە دواجار ئێوە هەردووكتان دوو هێزی ركابەری پارتین و ئەگەر كورسییەكانی پەرلەمان رێگەی بدابایە رەنگە ئێوەش هەوڵتان بدابا پارتی لەكێكی دەسەڵات بێبەش بكەن، بەڵام ئێستا پارتی ئەوەی بۆی دەكرێت بەرامبەرتا دەیكات.
پارتی لەگەڵ هەردووكتان بەجیا رێكەوتنی هەیە، لەو رێكەوتنانەش كۆمەڵێك پۆست هەن بەر ئێوە كەوتوون، بەڵام پارتی تا ئێستا پێتانی نەداوە، لەبەرامبەریشدا كۆمەڵێك پۆستی بۆ كابینەی نوێ داتاشیوە بێ ئەوەی لەكاتی دانوستانەكاندا لەگەڵ ئێوە گفتوگۆی لەسەر كردبێت. هەر یەك لەو پۆستانە ئەگەر ئیستیحقاقی پارتیش بن دەبوو لەكاتی گفتوگۆكاندا باس بكرانایە. بەڵام ئێوە نەدەتوانن بەرگری لە پۆستەكانی خۆتان بكەن، نە رێگری لە زیادكردن و داتاشینی پۆست بۆ پارتییەكان.
كات لەبەرژەوەندی هیچ كامتان نییە، تا پارتی لەسنوورەكەی خۆشتان بەڕەی لەژێر پێ دەرنەهێناون دەتوانن رێكبكەون، كە رێكیش ناكەون و لەكۆتاییدا پلانەكانی پارتی سەركەوتن لەمیدیاكانەوە خەریكی پێم وایەو پێم وابوو مەبن. ئێستا بەكردەیی ئەو پێم وایەو پێم وابووانە جێبەجێ بكەن تا كار لەكار نەترازاوە.