لەبارەی كۆنگرەی یەكگرتووەوە
12/5/2019 2:25:00 PM
ئیبراهیم عەلی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تا كۆتایی ئەم مانگە كۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لە ناوخۆی یەكگرتوودا گفتوگۆكان گەرم بوون لەسەر داهاتووی یەكگرتوو، هەر یەك لە سەركردەكانی یەكگرتوو جۆرە پێشنیازێكی دەكرد بۆ میكانیزمی كاركردنی ئەو حیزبە لە داهاتوودا.
دواجار سەركردەكانی یەكگرتوو دابەشی دوو بەرە بوون، بەرەیەكیان پێی وایە كە دەبێت یەكگرتوو لە داهاتوودا بە میكانیزمێكی نوێوە كار بكات و بەتەواوی كاری بانگەوازو سیاسەت لەیەكتر دوور بخرێنەوە. بەرەیەكیشیان پێی وایە دەبێت یەكگرتوو بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و تەنیا گرنگی زیاتر بە كاری رێكخستن بدات. تا ئێستاش سەركردەكانی یەكگرتوو بەتەواوی لەسەر میكانیزمێك ساغ نەبوونەتەوە. ململانێكان لەوبارەوە توندن و لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوودا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی توند ئەنجام دراون.
لەناو یەكگرتوودا بۆچوونێك هەیە دەیەوێت یەكگرتوو ببێت بە دوو بەش، بەشێكیان ببێت بە رێكخراوێكی تەواو ئایینی و تەنیا سەرقاڵی كاری بانگەواز بێت. بەشێوەیەك ئەو رێكخراوە خاوەنی رێكخستنو پەروەردەو راگەیاندنی تایبەت بەخۆی بێت. لەبەرامبەریشدا هێزێكی نوێی سیاسیی بە ناوێكی جیاوازو بەبێ پاشگری ئیسلامی رابگەیەندرێت و تایبەت بێت بە كاری سیاسیو بەشداری سەرجەم چالاكییە سیاسییەكان بكات. بەشێوەیەك تا هەڵبژاردنی داهاتوو، سەرجەم فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی ئەو رەوتە سیاسییەدا بێت.
بۆچوونێكی دیكە كە خودی سەڵاحەددین بەهادین تەبەنی دەكات، پێی وایە دەبێت یەكگرتوو سەركردایەتییەكی سێ كەسی پێكبهێنێت لە شێوەی كۆمیتەیەكی بچووككراوە. ئەو كۆمیتەیە سەرۆكێكی هەبێت و دوانەكەی دیكەش ببن بە جێگری ئەو سەرۆكە. هەریەك لەو دوو جێگرەش سەرۆكایەتی ئاراستەیەكی جیاواز بكەن بەم شێوەیە:
ئاراستەی یەكەم: ئاراستەی سیاسی. كە یەكێك لە جێگرەكان سەرۆكایەتی ئەو ئاراستەیە بكات و سەرپەرشتی تەواوی فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو بكات لە پەرلەمانی عێراق و كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەروەها نووسینگەیەكی تایبەت بە هەڵبژاردنیشی هەبێت كە ئامادەكاری بكات، بۆ چۆنێتی بەشداریكردنی ئەو ئاراستەیە لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە هەرێم ئەنجام دەدرێن. ئەو كەسەشی سەرۆكایەتی ئەو ئاراستەیە دەكات ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی بچوككراوە دەبێت و لەهەمان كاتدا جێگری سەرۆكی ئەو كۆمیتەیە دەبێت.
ئاراستەی دووەم: ئاراستەی بانگەواز. بەپێی بۆچوونی ئەو كەسانەی پشتگیری لەو بیرۆكەیە دەكەن، ئاراستەی بانگەواز سەرپەرشتی سەرجەم رێكخستنەكانی یەكگرتوو بكات لە شارو شارۆچكەكان و ئۆرگانەكان بەشێوەیەك ئاراستە بكات كە بڕژێنە ناو خەڵك و سەرقاڵی كاری بانگەواز بن لەناو خەڵكدا. سەرۆكی ئەو ئاراستەیەش بەهەمان شێوەی سەرۆكی ئاراستەی سیاسی جێگری سەرۆك دەبێت و ئەندامی كۆمیتەی بچووکكراوەی سەركردایەتی دەبێت.
روون نییە سەركردەكانی یەكگرتوو بەر لە بەستنی كۆنگرەی حیزبەكەیان دەگەنە سیغەیەكی هاوبەش، یاخود بەبێ گەیشتن بە سیغەیەكی هاوبەش دەچنە كۆنگرەوە.
بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە بەبێ گەیشتن بە رێككەوتنێكی پێشوەختە یەكگرتوو كۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت و رەنگە ئەگەر دەرەنجامی كۆنگرەی یەكگرتوو بەپێی خواستی رەمزە سیاسییەكانی یەكگرتوو نەبێت، جیابوونەوە یان دروستبوونی رەوتێكی نوێی سیاسی لێ بكەوێتەوە.