133وتار

کێشەی بنەڕەتی یەکلایی نەبوونەوەی پاڕێزگاری کەرکوک کەرکوک، بۆ یەکێتی دەروازەی ئەنقەرەو تاران و هەولێرو بەغدایە

7/27/2024 2:05:00 PM
ئیبراهیم عەلی

لە ڕوکەشدا لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، وا دەردەکەوێت کە گوایە پێکهاتەی عەرەب و تورکمان دژی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوکن بە کورد. بەڵام لەبنەڕەتدا کێشەکە لەنێو ماڵی کوردەو بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە پێکهاتەکانی دیکەوە نییە.

یەکێتی بەبردنەوەی یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پۆستی پارێزگاری شارەکە بە مافی خۆی دەزانێت. لە ڕاستیشدا یەکێتی مافی خۆیەتی ئەو پۆستەی یێبدرێت. چونکە لە هەر پارێزگایەک کە هێزێک دەنگی یەکەمی هێنابێت پۆستی پارێزگاری بەبێ کێشە بۆ یەکلابووەتەوە.

لەبەرامبەردا پارتی بە بردنەوەی یەک لەسەر هەشتی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، هەوڵ دەدات لە ڕێی هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ تورکمان و عەرەب ساڵێک یا دوو ساڵی ئەو پۆستە بە دەست بهێنێت.

پارتی بەهەموو کەسێک ڕازییە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێت تەنیا یەکێتی نەبێت. هاوشێوەی تورکیا. تورکیاش دەیەوێت یەکێتی پارێزگاری کەرکوک بەدەست نەهێنێت و لە دواین سەردانی ئەردۆگانیش بۆ عێراق شکستی بە ڕێککەوتنێکی یەکێتی و لایەنەکان هێنا.

لەو ڕوەوە پارتی و تورکیا یەک ئامانجییان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە دەست نەهێنێت.

گوایە یەکێتی هاوپەیمانی ئێرانە. ئێران نەک کەرکوک بگرە هەموو عێراق هەڵدەسوڕێنێت و ئەگەر ڕاستگۆ بێت لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانی ئەوا لە ٢٤ کاتژمێردا هەموو شتێک بۆ یەکێتی یەکلایی دەکاتەوە. کەچی تا ئێستا ئەو کارەی بۆ یەکێتی نەکردووە.

دەبێت یەکێتی لە خۆی بپرسێت بۆچی ئێران ئامادەنییە هاوشێوەی تەدەخولەکانی تورکیا بۆ بەرژەوەندی پارتی، لە بەرژەوەندی یەکێتی تەدەخول ناکات. لەکاتێکدا کەرکوک بۆ یەکێتی زۆر لە سلێمانی ستراتیژی ترەو دەکرێت کەرکوک بۆ یەکێتی وەک دەروازەی ئەنقەرەو تاران و هەولێر و بەغدا سەیر بکەین.

پێگەی یەکێتی لە کەرکوک، یەکسانە بەپێگەی یەکێتی لە تاران و ئەنقەرەو تەنانەت هەولێرو بەغداش.

ئەو ململانێییەی ئێستا لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت ململانێیەکی محەلی نییە لەسەر ئاستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵکو ململانێییەکی ئیقلیمییەو دابەش بونەکەشی بەم شێوەیەیە:

سوننەو پارتی و تورکمان لەبەرەیەکن و یەکێتی و مەسیحییش لەبەرامبەر ئەو بەرەیە وەستاون کە تورکیا سپۆنسەری دەکات. ئەوەی بەلای بەرەی سوننەوە موفاجەئە بوو، پەرتبوونی نێو ماڵی پێکهاتەی عەرەب بوو لە یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

یەکێتی لە کەرکوک، یارییەکی یارییەکی جوان دەکات و دەوانین بڵێین لە یاریکردنی یەکێتی لەهەولێر و سلێمانی ناچێت. بەبێ دەنگی کاریان لەسەر پێکهاتەی عەرەب کردووە بۆ ئەوەی هیچ هێزێک نەتوانێت بەبێ یەکێتی پۆستەکانی کەرکوک دابەش بکات.

بەڵام کاتێک زەنگی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لێدراو هەر یەک لە شێخ زاهیر لە لیستی عروبەو ئەحمەد حەمدانی لە لیستی هاوپەیمانی عەرەبی هاوشێوەی یەکێتی و مەسیحی نەچونە هۆڵی کۆبونەوە و نیسابی یاسایی پەکی کەوت بۆ جێبەجێکردنی پلانی تورکیا، هەمووان توشی شۆک بوون.

ئەو دوو عەرەبەی لەگەڵ یەکێتین بە هەموو شێوەیەک ڕازین پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت. خۆ ئەگەر پارتیش لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوێت لەسەر ئەو پۆستە ئەو کات بە دڵنیاییەوە چوار ئەندامەکەی تری عەرەب و دوو تورکمانەکەی بەرەی تورکمانی بە ڕاکە ڕاکە دێنە بەرەی کورد بۆ ئەوەی چەند پۆستێکی دیکەی پارێزگاکەیان بەربکەوێت.

بەڵام ئەوەی کێشەکەی دروستکردووە عەرەب و تورکمان نین بەڵکو ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن