604وتار

خانەنشینی پەرلەمانتاران تەنیا بۆ سەرقاڵکردنە!

1/10/2020 3:57:00 PM
ئیبراهیم عەلی


بابەتی خانەنشین کردن و نەکردنی پەرلەمانتاران لەپلانێک بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و شاردنەوەی داھاتی راستەقینەی ھەرێم زیاتر ھیچی دیکە نییە.

تکایە تۆزێک واقیعیانە سەیری بابەتەکە بکەن. گوایە بەپێی یاسای چاکسازی کەمترین موچەی خانەنشینی سێ ملیۆن و نیوە. با وای دابنێیین موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران شەش ملیۆنە نەک کەمتر. لەھەرێم پێج خولی پەرلەمانمان ھەیە و بەھەر پێنج خولەکە دەکاتە ٥٥٠ پەرلەمانتاری خانەنشین. گریمان ئەو ٥٥٠ کەسە مانگانە شەش ملیۆن دینار وەردەگرن.

کۆی گشتی ئەو پارەیەی دەدرێت بەو ٥٥٠ کەسە مانگانە دەکاتە ٣٣٠ ملیۆن دینار. لەساڵێکیشدا دەکاتە ٣٩ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار. بەدۆلاریش دەکاتە ٣٣ ملیۆن دۆلار. ئەگەر نرخی نەوت بۆ یەک بەرمیل ٦٦ دۆلار بێت ئەو بڕە پارەیەی دەدرێت بەو ٥٥٠ پەرلەمانتارە دەکاتە بەھای ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت.  دەی بەرێزان ئەگەر پەرلەمانتاران دوو ھێندەی ئەو موچەیە وەربگرن کە بۆ خانەنشین بونیان دیاری کراوە دەکات تەنیا داھاتی یەک رۆژی ساڵێک بۆ ئەوان دەچێت.

چونکە بەپێی راگەیاندراوەکانی حکومەت بێت، ھەرێم رۆژانە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات.  ئەوە داھاتی رۆژێک رون و ئاشکرایە و بۆ ئەو ٥٥٠ کەسە دەچێت و رۆژانە خەڵک سوکایەتیان پێدەکات! ئەی بێ زەحمەت داھاتی ٣٦٤ رۆژەکەی دیکە بۆ کێ دەچێت؟ بۆ کەس ناوێرێت سوکایەتییەکیان پێ بکات؟ کە ھەموومان دەزانین ئەوانەی ئەو داھاتە دەبەن چەند کەسێکی کەمن و لەھەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدان.  بەڵام ھەر ئەو دەسەڵاتدارانەن خەڵکیان بەموچەی پەرلەمانتارانەوە سەرقاڵکردووەو ھەر خۆشیان داھاتەکەی دیکە بەبێ ھیچ ھەق و حیسابێک دەبەن. کەس باسی ئەوە نەکات بڵێ موچەی فەرمانبەران بەداھاتی نەوت دابین دەکرێت. چونکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبەرامبەر ھەر بەرمیلێک نەوت کەمتر لە ٢٠ دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت. لەبەرامبەردا کەس نازانێت داھاتی ناوخۆ کە خۆی لەباج و رسومات و گومرگی خاڵە سنورییەکان دەبینێتەوە زۆر زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی دەینێرێت. نەپەرلەمان و نەھیچ دەزگایەکیش توانای لێکۆڵینەوەی نییە بڵێت ئەرئ بێزەحمەت نرخی نەوت نزیکەی ٧٠ دۆلارە ئێوە بۆ ٢٠ دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرن.


تکایە بەگۆشەیەکی بچوک، دیمەنی وێنە گەورەکە مەشارنەوە. چاکسازی ھەرگیز بریتی نییە لەوەی لەو یاسایە باسی دەکرێت ئەوەی ھەیە تەنیا خۆڵ کردنە لەچاوی ھاوڵاتیان.

پەرلەمانتاران گەردنیان ئازابێت لەوەی موچەی خانەنشینیان نەک سێ ملیۆن یا شەش ملیۆن بێت، بەڵکو بابیکەن بە ١٢ ملیۆن، بەڵام با جورئەتیان ھەبێت و بتوانن داھاتی ھەرێم بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن.  کە ئەمە بچوکترین ئەرکی پەرلەمانتارییانە. ئەگەر ناتوانن ئەو کارە بکەن حەقە لەپێناو حەیاو حورمەتی کاری پەرلەمانتاری ئیستیقالە بکەن و بڵێن ناتوانین ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن