505وتار

ياسایەک بۆ خراپ بەکارهێنانی دادگاکان

10/27/2019 10:54:00 PM
ئیبراهیم عەلی


خۆزییە وەک چۆن یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنمان هەیە، بەهەمان شێوەش یاسای خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریمان هەبوایە.

خراپ بەکارهێنانی هیچ شتێک هێندەی خراپ بەکارهێنانی دادگاکان مەترسی نییە بۆ سەر کۆی کۆمەڵگە. دەکرێت بەهەر ناوێک بەهەر بیانویەک بێت هەر کەسێک وەک دەسەڵات بیر نەکاتەوە، رۆژێک بەناوی یاساوە بخرێتە زیندان.

هێمن مامەند، یەکێکە لەرۆژنامەنووسە چالاک و بوێرەکانی ئەو شارە، کارێکی زۆر باشە لەبری هەر ئامرازێکی تر بەرامبەر بەهێمن، پەنەتان بردووەتە بەر دادگا. بەڵام بەداخەوە پەنەتان بردووە بۆ مەترسیدارترین رێگە. ئاخر چی لەوە مەترسیدارتر هەیە، تەنیا لەپێناو ئەوەی هێمن بخەنە زیندان، ماددەی یاسایی بۆ بگۆڕن. هێمن گەنجێکی سەرەرۆ نییە، رۆژانە بەئامێرەکانی پەیوەندیکردن سەرقاڵی دروستکردنی ڤیدیۆی روتی خەڵک بێت تا بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن دەستگیری بکەن. ئەو رۆژنامەنووسەو ئازایانە هەر زانیارییەکی مەترسیداری دەست دەکەوێت بەناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە. هێمن ئەو ئامرازەی بەکاری هێناوە میدیایە، نەک ئامێرەکانی پەیوەندیکردن. بۆیە دەبێت بەیاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرابایە.

ئێوە کە پەنابردنیشتان بۆ دادگا، جۆرێکە لەتوندوتیژیکردن. یاسا لەو وڵاتە کە قوەتەکەی هەر هێندەی تاکە قۆندەرەیەکە لەبەرامبەر خۆتان. بەڵام کاتێک بتانەوێت نەیارێکتان روبەروی سزا بکەنەوە، ئیدی ئەم وڵاتە دەبێتە شامی شەریف و قەزاو قانون سەروەر دەبن. بەڵام بۆ خۆتان هەر هەمان ئەو قەزاو قانونە تورێکی قوڕاوی ناهێنێت.

تکایە بهێڵن ئەو کوڕە بۆ خۆی بژی... ئەو هیچی ناوێت، تەنیا گوناهەکەی ئەوەیە خەون بەوڵاتێکی یاسا سەروەر دەبینێت. بەڵام ئێوە کارێک دەکەن کەس نەتوانێت باسی سەروەری قانون بکات. ئاخر قانون هەر ئەوە بێت کە بۆ نەیارەکانتان هەبێت و بۆ خۆشتان نەک ناچنە بەردەم دادگا، بەڵکو دادوەریش دەبەنە هەڵمەتی بانگەشەو دەبێت ئەو دادوەرە لەبەردەم چاوی کامێراوە چەپڵە بۆ چەندین تاوانبار لێبدات. دەی ئەو سەروەری قانونە خەجەڵەت بێت و پێرۆزی خۆتان بێت.

لەو وڵاتە هەموو شتێکتان ریسواکرد، هەرچی قەڵەم بەدەست بوو کڕیتان، هەرچی یاسا ناس و قانونی بوو بەچەندین ناوی جیا جیا ریسواتان کرد.. هەرچی خەڵکی پاک بوو کردتان بەشەیتان و دزیی و کاری مافیاییتان ناونا گەندەڵی و بێ حورمەتانە هەر ئەو دز و مافیایانە لەرێگەی کەناڵەکانی میدیاوە بێ شەرمانە دیفاع لەخۆیان دەکەن و دەڵێن گەندەڵی کەی کێشەیە، لەهەموو وڵاتێکی دنیا گەندەڵی هەر هەبووەو هەر دەشبێت.

هێمن مامەند، بدەنەوە بەئێمەو دایکی... قابیلە هێمن چیکردووە؟ دەی گریمان ئەو هەواڵەی هێمن بڵاوی کردووەتەوە سەر لەبەری درۆیە. زەحمەت نەبێت با تەسفیە حیسابێت بکەین و هەموو ئەوانەی درۆیەکیان کردووە با دەستێکیان ببڕدرێت، بابزانین هەر چی مەسئول فەرخە مەسئولە نابێت بەیەک دەست؟ هەمووتان بەو یاسایە دەستێکتان لەدەست دەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن