535وتار

كابینەی نۆ، هاوڵاتیان مەسرور دەكات؟

1/24/2019 6:20:00 PM
ئیبراهیم عەلی

دەكرێت كابینەكەی مەسرور بارزانی، كابینەی مەسروركردنی خەڵك بێت. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەرفەتێكی زێرینی لەبەردەمدایە تا بتوانێت كابینەیەكی نمونەیی بێت لەئەزموونی حوكمڕانی هەرێمدا. چونكە هیچ كات هێندەی ئێستا خەڵك بەدەست كەم و كوڕییەكانی حكومەتەوە هیلاك نییە. بێزاری خەڵك لەكەرتەكانی كارەبا و وزەو تەندروستی و تەواوی كەرتەكانی دیكە لەترۆپكدایە. هەر هەنگاوێك بەئاراستەی باشتركردنی هەر یەكێك لەكەرتەكان و تەنانەت گەیاندنەوە ئاستی كەرتەكان بەسەردەمی بەر لەقەیرانی دارایی بۆ كابینەی نۆیەم بەسەركەوتنێكی گەورە دادەنرێت. 


مەسرور بارزانی، یەكەمین تاقیكردنەوەیەتی لەكاری حوكمداریدا. دەتوانێت لەو كابینەیەدا بەسەرخستنی پرۆژەی چاكسازی و باشكردنی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان ئایندەی خۆی لەناو حیزبەكەی، بكاتە ئایندەیەكی رۆشن و پێگەی خۆی بەهێزتر بكات. بەپێچەوانەوەش هەر پاشەكشەیەكی تر لەسەردەمی حوكمڕانی ئەودا روو بدات پێگەی ئەو لاواز دەبێت. 


مەسرور بارزانی بەهۆی ئەوەی بەریەككەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ خەڵك نەبووەو بەرپرسیارێتی هەستیارترین دەزگای ئەمنی لەئەستۆ بووە، ناوێكی خۆشەویست نییە لای كۆی گشتی خەڵك، بەڵام ئەو چوار ساڵە دەرفەتێكە بۆ مەسرور بارزانی وێنەی خۆی لەكەسێكی داخراوی ئەمنیەوە بگۆڕێت بۆ كەسێكی كراوە. 


كارەكەی مەسرور بارزانی هێندە ئاسان نییە، چونكە دێتە سەرخوانێ حكومەتێك نزیكەی 30 ملیار دۆلار قەرزدارە. هێزە سیاسییەكان لەدۆخێكی خراپی بێ متمانەییدان بەرامبەر بەیەكتر. ئەوە جگە لەخراپی گوزەرانی خەڵك. بەڵام هەندێك خاڵ هەن كە مەسرور بارزانی دەتوانێت بیانقۆزێتەوەو سوودیان لێ ببینێت بۆ كۆتایی هێنان بەو بێ متمانەییەی نێوان هێزەكان و باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتیان. بۆ نمونە ئەو هێزانەی بەشداری لەحكومەت دەكەن، لەسەر دەستی ئەو بەشداری راستەقینە بن و هێزەكان بەشداریان پێ بكرێت لە بڕیارە چارەنوسسازەكان. لە رووی داراییشەوە دەتوانێت سوود لە زیادبوونی داهاتی ناوخۆ و بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدا وەربگرێت و لەرێگەی ئەو بەشە بودجەوە وەرچەرخان لەژیانی هاوڵاتیان بێتە ئاراوە.


مەسرور بارزانی، دەبێت كابینەكەی بكاتە كابینەی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن نەك سەرقاڵی وتاردان و قسەی باق و بریق بێت. بەراستی خەڵك بێزار بووە لەقسەی باق و بریق، خەڵك پێویستی بەكردەوەیە و دەبێت كردەوەكان خۆیان قسە بكەن نەك زمان و گوفتار. ئیدی مەسرور بارزانی بتوانێت كابینەیەكی كرداری دروست بكات ئەوا بێگومان كابینەی نۆ دەبێتە كابینەی مەسروركردنی خەڵك.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن