348وتار

پرسی موچە و پرسی کورد

8/5/2020 5:30:00 PM
فارس نەورۆڵی

پرسی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان یەک پرسە زیاتر لەوەی پرسێکی ئابوری و یاسایی و ئەخلاقی و سیاسی بێت پرسی بوونە وەک فەلسەفە، بریتییە لەململانێی نێوان بوون و نەبوون بەریەککەوتنی دوو ئاگایی داگیرکراو و داگیرکەر بەڵام لە ھەر پارچەیەک لەگەڵ جۆرێک لە کێشەدا دەرگیرە، باشوری کوردستان دوای قوربانیدانێکی گەورە و ڕەخساندنی ھەلومەرجی نێودەوڵەتی توانی دەستکەوتی گەورە بەدەست بھێنێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئێستا خەونی ئێمە لەسەر ئاستی گشتی لەبری پرسە باڵاکان و ئەو پرسانەی بەدرێژای مێژوو قوربانیمان بۆدا ئێستا پرسی سەرەکی بووە بە موچە، پرسیارئەوەیە... بۆ گەیشتینە ئێرە ؟ ھەموومان ھۆکارەکان دەزانین بۆیە نامەوێ لێرەدا باسی بکەم، بەڵام دەبێ بزانین بڕینی موچە بۆ لاواز کردنی پێگەی کوردە و کاریگەریشی ھەبووە تا ئەو ئاستەی بێ متمانەیی نێوان خەڵک و پڕۆسەی سیاسی نزیک کردوەتەوە بۆ ئاستێکی ترسناک،  دوژمنانی پڕۆسەی سیاسی ھەرێم ئەمە باش دەزانن بۆیە وەک خاڵێکی لاواز دژی ھەرێم بەکاری دەھێنن، لەبەرامبەر ئەم شەڕە ئابوری و سیاسییەدا، کورد یاخود بڵێین ھێزە سیاسیەکان  ناستراتیجی کاریان کردوە، مەبەست لە ناستراتیجی ئەوەیە بەبێ ئامادەکاری پێویست سەیری پیلانی دەرەوەی ماڵی کوردیان کردووە و یەکێتی ئەقڵ و یەکێتی وتاربوونی نەبووە، ستراتیجی ئەوە بووە لە ناوخۆ چۆن یەکتر لاواز بکەین، ئەوەی گرنگە بیزانین موچە تەنھا لە دەستی بەغدا نییە و دەکرێ ھێزی دیکە ھەبێ بڕیاری لابێت بەڵام مەرج نییە ئەو بڕیارە ھەمیشە لای دەوڵەتێک بێت و دەکرێ جێگۆڕکێ بکات و ئەو کارتە ھەرجارە و لە دەستی ھێزێکی گەورەدا بێت، بەردەوام بوونی ئەم کارتە و نەدانی موچە بە خەڵک ئەگەر ھەرێم چارەسەرێک نەدۆزێتەوە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت، وەک دیاریشە عێراق بەرەو ھەڵبژاردن دەڕوات و کازمی لە گەمەکانی بەردەوام دەبێت، لەم کاتەشدا بەریەککەوتنەکانی ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان تا دێ توندتر دەبێت بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندیەکانیان، خۆ ئەگەر کازمی ئەجێنداکەی سەرکەوێ ئەوکات عێراقی دوای ھەڵبژاردنەکان جیاواز دەبێت لە عێراقی پێش ھەڵبژاردنەکان واتە سەردەمێکی تازە لە عێراق دێتە پێش، لەئێستادا ئایندەی ھەرێم شوێنی دیار نییە لەو سەردەمە نوێیەدا، بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەم  خاڵانە بکات:

١ـ پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایی بکرێتەوە.

٢ـ ھەموو ھێزە سیاسیەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆببنەوە و متمانە بگەڕێننەوە بۆ ناو ھێزەکان خۆیان و پاکێجێک ئامادەبکەن بۆ ئەوەی ھەرێم بە یەک گوتار بۆ پێشھاتەکان خۆی ئامادە بکات.

٣ـ حیزبەکانی بەشداربووی حکومەت ھەموو ھەوڵێک بخەنە گەر بۆ چارەسەر کردنی کێشەی موچە.

٤- بەھەر شێوەیەک بووە کورد لەگەڵ ئایین و مەزھەب و نەتەوە  جیاوازەکان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداری پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بکات.

٥ـ بەوردی کۆدەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بخوێننەوە و بەرژەوەندی ھێزە نێودەوڵەوتیەکان تێکەڵ بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ھەرێم بکەن.

بۆ ئەم مەبەستە جگە لەحیزبەکان ڕاوێژ لەگەڵ دۆستانی کورد و کارەکتەری سیاسی و فیکری دەرەوەی حیزبەکان لە کوردستان بکەن ئەگەر ئەم ھەنگاوانە و ھەنگاوی دیکە نەنێین توشی شکست دەبین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن