183وتار

ناسیۆنالیزم و ژینگە

3/21/2025 9:33:00 PM
فارس نەورۆڵی


ژینگەو نەتەوە بە دووانەیەک ناودەبرێت، بەبێ یەک هەڵناکەن. سروشت ئەو خاکەیە نەتەوەی لەخۆگرتووە، هەر بۆیە سروشت یان خاک بە دایکی دووەمی مرۆڤ ناو دەبرێت ئیتر جیاوازیی مەزهەب و ئایین ناکات، واتە هەمووان بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە سروشت یان ژینگە و خاک هەڵی گرتوون و لە باوەشی گرتوون، بۆیە دەبێت بێ جیاوازی هەمووان خزمەت بە سروشت بکەن. ناسیۆنالیزمی ژینگەیی یان سەوز یان ناسیۆنالیزمی ئیکۆلۆژییشی پێدەڵێن، ئێستا لە ئەدەبیاتی سیاسی نەتەوەکاندا گرنگی تایبەتی پێدەدرێت، کورد لەبەر بێدەوڵەتی و داگیرکراوی بەردەوام بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردی لە شەڕی چەکداریدا بووە ئەمەش وایکردوە، کە ژینگە و سروشتی کوردستان وێران ببێت، دوژمن سیاسەتی بەسوتماک بوونی خاکی پەیڕەو کردووە، بۆیە هەم سروشت و هەم ژینگە بە تەواوی تێکچوونە تەواو ماندووە، بۆیە باڵندەو ئاژەڵە کێوییەکانیش پەڕاگەندە و سەرگەردان بوون یاخود لەناوچوون، ئەوەی جێگای نیگەرانیە خۆمان هوشیاری ژینگەیی و ئاژەڵ دۆستیمان نیە ئەوەی دوژمن لەناوی نەبردبوو خۆمان کوشتمان، بۆیە هەموو باڵندەو ئاژەڵێک لەم وڵاتەدا لە مرۆڤ سڵ دەکەنەوە، چونکە پێشینەیەکی خراپیان لەتەک مرۆڤ هەیە، ئێستا بۆ بەهێزکردنی ئەم نەتەوە و نیشتمانە وەک خەباتی سیاسی پێویستمان بە خەباتی ژینگەیی هەیە پێویستە مرۆڤی کورد و سروشت ئاشت ببنەوە، پێویستە مرۆڤی کورد و ئاژەڵەکانی ناو سروشت ئاشت ببنەوە ئەمەش پێویستی بە یاساو بە هوشیارییە، یاسا دەبێت خەڵک پابەندبکات بە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵ دۆستییەوە، هوشیار کردنەوەش ئەرکی ڕاگەیاندن و پەروەردە و زانکۆ و پیاوانی ئاینیە بۆ ئەوەی ژینگەپارێزی و  ئاژەڵ دۆستی ببێتە ڕۆشنبیری لای تاک، گرنگە هەمووان ئەوە بزانن ڕواندنی نەمامێک بەشێکە لە کوردبوون ئازادکردنی باڵندەیەکی کێوی یان ئاژەڵی کێوی بەشێکە لە کورد بوون، ئەگەر پێشمەرگەیەک بە فیشەک بەرگری لە کوردستان دەکات تۆش دەتوانی بە ڕواندنی نەمامێک ئاوەدانی بکەیتەوە، بە ئازادکردنی باڵندەیەکی کێوی نیشتمان ڕەنگینتر بکەیت ، دواجار ژینگە دۆستی نیشتیمان پەروەریی و ووڵات پارێزییە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن