قەدەغە کراوەکانی ناو سیاسەت
4/8/2024 9:21:00 PM
فارس نەورۆڵی
خودا بە گوێرەی خواست و پێویستی سەردەمەکان، ئاینەکانی بۆ مرۆڤ ناردووە و، ئەمەش لەپێناو رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگاکان. هەموو ئەمانەش لە رێگەی ئامۆژگاری و فەرمانەکانییەوە بووە، کە چی تابۆیە و چی رێگەپێدراو؛ چی دەبێتە هۆی بەختەوەری پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵ و، چی دەبێتە هۆی رازی بوونی خودا. دیارە ئەم چوارچێوانەش بە گوێرەی رێڕەوە زەمەنی و قۆناغە کۆمەڵایەتییەکان بووە.
لە کایەکانی دیکەی ژیانی هەر کۆمەڵگەیەکیشدا، داب و نەریت و پێدراوە کۆمەڵایەتییەکانیش، قەدەغەکراو و رێگەپێدراویان دیاری کردووە. لە کایەکانی دیکەشدا هەمان پۆلێنکردن بوونی هەیە ،وەکچۆن زانستی پزیشکی تەندروستی جەستە و دەروونی مەرجدار کردووە، بە پەیڕەو کردنی هەندێ قەدەغە کراو و رێگەپێدراودا، لە چوارچێوەی رێنماییە پزیشکییەکاندا. خۆ ئەگەر ئەم چەمک و پۆلێنکردنە، لە کایەی سیاسەتیشا پڕاکتیزە بکرێت، ئەوا سیاسەتیش پێمان دەڵێ، کە قەدەغەکراوەکانی ناو سیاسەت چییە؟ دەکرێ لیستێکی درێژ لە قەدەغەکراوەکانی نێو دونیای سیاسەت بنوسرێت، کە هەرکامێکیان کاریگەری نەرێنی بەسەر کۆمەڵگاوە جێدەهێڵێت، بەڵام ئەوەی ئێستا و لە ژیانی سیاسی ئێمەی کورددا لە هەر هەمووی ترسناکترە، ئەم قەدەغە کراوانەن کەچی ئێمە پراکتیکی دەکەین:-
1. عینادی
2. ڕق
3. دوو ڕویی
4. خۆپەرستی
5. خودئەڤینی (نێرجسیەت)
6. لوت بەرزی
7. ماستاو کردن و پیاهەڵدان
8. فشەکەری
9. خۆنواندنێکی نالۆژیکی
10. داخراوی
11. لەبری گفتوگۆکردن لەناوو ئۆرگانەکاندا هاوڕێ کان ببنە جاسوس بەسەر یەکترەوە.
12. ناد ادپەروەری.
13. لەبری پەروەردەکردن ودروست کردنی تاک بەکۆیلەکردنی.
14. لەبری توانەوەی هەموو شت لە ناو نیشتیماندا هەموو شت لە ناو خۆتدا بتوێنیتەوە.
15. لێدوانی بێ بنەماو جوێن گەرا.
16. گەوجاندنی خەڵک.
17. گەندەڵکردنی فەزای گشتی.
18. دا بەزاندنی سیاسەت بۆئاستی نزم .
17. دانانی خەڵکی ئاست نزم وچڵێس لەبری کارەکتەری بەهێز لەپۆستە کاندا .
20. گۆڕینی ڕکەبەرایەتی بۆدوژمنایەتی.
ئەگەر سیاسەت لەبارە فەلسەفییەکەیەوە و وەک زانست بخوێنینەوە هەموو ئەو خاڵانە قەدەغەکراوی ناو سیاسەتن، کە ئەرەستۆ لەکتێبی سیاسەتدا بە ڕوونی پێی ووتوین، ئەرکی سیاسەت بریتیە لە ڕێکخستنی ژیان و فەراهەم کردنی دادپەروەی و پێکەوە ژیان. لای ئەرستۆ ئەو خاڵانەی، کە ئاماژەمان پێداون لە سیاسەتدا جێگای نابێتەوەو قەدەغە کراون و پراکتیزەکردنیان لە ناو سیاسەتدا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە و نا ڕێکخراوەی ژیانی گشتی.
بۆیە پێویستە سیاسی کورد و حیزبە کوردییەکان لەو خاڵانە وردببنەوەو بزانن لە خۆیانداهەیە، بۆ ئەوەی لە ژیانی سیاسی دەریکەن. ئەگەر نا تا ئەم قەدەغەکراوانەی ناو سیاسەت پراکتیزە بکەین، ئەوا ژیانی تاکو کۆمەڵگە بەرەو داڕزانی بێ چارەسەر دەبەین.