چیتر نیشتیمان تینویەتی بەخوێن ناشکێ
4/3/2024 11:14:00 AM
فارس نەورۆڵی
کورد جیاواز لە
هەر نەتەوەیەکی دیکە جگە لەوەی کە لە شەڕە جیهانیەکان زۆرترین قوربانی و زیان لە
مرۆڤایەتی کەوتووە، بەڵام لە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلانی جیهاندا کورد لە زۆربەی گەلان
زیاتر قوربانی داوە لە پێناو ئازادی، وەک عەبدوڵا پەشێو لەشیعری سەربازی ون دەڵێ:
لەسەر هەر بستە
زەمینێ
لـەژێر هەر گـەزە
ئاسمانێ
مەترسە کەمێک سەر
داخە و تاجە گوڵینەکەت دانێ.
واتە هێندە شەهیدمان
هەیە بارتەقای دارو بەردی نیشتیمان، بۆیە گەنجانی نیشتیمان هەمو گیانبازییەکیان
نواندوەو جەرگی زۆربەی دایکان و باوکان بەر نەشتەری شەهید بوونی مناڵەکانیان کەوتوون.
کوڕان و کچان زۆرن
لەمانگی یەکەمی هاوسەرگیریدا شەهیدبوون، سروشتی نیشتیمان هەموو جۆرە چەکێکی دژ بەکارهاتووە،
تا ئاستی قڕکردنی باڵندەو ئاژەڵە کێوییەکان ئەوەندەی باران و کانیاوەکان کورد خوێنی
بۆ پاراستن و بەرگری لەمانەوەی چەمکی کورد بوون بەخشیوە مانەوەی زمان کەلتوری کورد خوێنی بۆ بەخشراوە،
بۆیە چیتر ئەم نیشتیمانە تینویەتی بەخوێن ناشکێ، بەڵکو پێویستە پشوو بدات. بەو مانایەی پێویستی بە پەروەردەیەکی جوان و سیستەمی
تەندروستییەکی باش و ڕێگاوبانی باش هەیە. پێویستی بە ڕۆشنبیری ژینگە هەیە، پێویستی
بەگەشەدانی کلتور هەیە، پێویستی بەکاری پێکەوەیی و یەک گوتاری هەیە. شاخەکان قاسپەی
کەوی لێ بڕاوە پێویستە کەوەکان بگەڕێنەوە بۆ شاخەکان لوتکەو قەد پاڵەکان ئاوەدان
بکرێتەوە بە قاسپەی کەوەکان، ئاسکەکان بێ ترس بێنەوە دەشتی گەرمیان.
لێرەوە دەکرێ بڵێین
نیشتیمان تینویەتی بەخوێن ناشکێ بەڵکو ماندویەتی بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەردەچێت،
من نازانم ئەوانەی ئەوهەموو هەڵچون و لێدوانە بێ مانایانە دەدەن کە بەردەوام جیهانی
ئێمە لەیەک دوردەخاتەوە ئایا ئەو هەموو قوربانیەی کوردیان دیوە؟ یان نەیانخوێندوەتەوە
کە لە شەڕی ناڕەواو نەگریسی براکان چی بەسەر ئەم نەتەوەیەدا هاتووەو چۆن دەوێرن ئەو
ناکۆکیانە تۆخ بکەنەوە کە زیاتر بەرەو ترازانمان دەبات و لەشەڕ نزیکمان دەکاتەوە!
بۆ نازانن شەڕ چی بەرهەم دەهێنێ. هەرچەند باوەڕم وایە ئەوانەی لێدوانی ئاگرین دەدەن
بۆ ڕق ئەستوری ناوخۆمان دژ بە خۆمان وەک کورد دەڵێ ئەقڵیان هەر ئەوەندە بڕ دەکات و
تێگەیشتنیان بۆ سیاسەت هەر ئەوەندەیە. کانت بڕوای وابوو هۆشەکانمان جۆری تێگەیشتنمان
بۆ واقیع پێک دەهێنێ. بۆیە ئەو جۆرە کەسانەی کە لێدوانی ئاگرین دەدەن یان بۆ نمایشە
یاخود لە تێنەگەشتنەوەیە، لە نا هۆشیاری و بێ ئاگایی لە مێژوو و لە ئێستای ئەم نەتەوەیە.
بۆیە پێویستە ئەوەی
دەبێتە دەمڕاستی هەر حزب و عەشیروت و گەڕەک و دامەزراوەیەکە، ئەوەی مۆبایلێکی بەدەستەوەیە
جەوی نا ئەقڵانی نەیگرێت و قسەی نا ئەقڵانی بخاتە بازاڕەوە چونکە ئەوە دەنکە شقارتەیەکە
کەدارستانێ دەسوتێنێ. دەکرێ قسەیەکی بێ ئەقڵانە
ببێتە هۆی هەڵگرسانی شەڕێک کورد لەو مەسەلەدا ئەزموونی زۆری هەیە کە لەسەر قسەیەکی
گەمژانە دەیان گەنجی ئەم نەتەوەتە بووەتە قوربانی.
بۆیە پێویستە هەمولایەک ئەوە بزانێ، چیتر ئەم نیشتیمانە
تینویەتی بە خوێن ناشکێ و پێویستی بە ئارامی و ئاوەدانی هەیە.