ئایا هاوڕێیەتی ماوە؟
4/7/2025 1:07:00 PM
فارس نەورۆڵی
هاوڕێیەتی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە، بۆیە هاوڕێیەتی بەتەنیا لە ناو مرۆڤەکاندایە هەر مرۆڤ دەتوانێ قسەی لەسەربکات و فەیلەسوفەکان قسەیان لەسەر هاوڕێیەتی کردووە. لە یۆنانی کۆنەوە چەمکی هاوڕێیەتی قسەی لەسەرکراوە، من نامەوێ لێرەدا ڕای بیرمەندانی وەک (ئەفلاتون و ئەریستۆو دێریداو یاگامبێن)و فەیلەسوفەکانی دیکە بکەم، چونکە ئەوە بەوتارێک مافی خۆی پێنادەی و پێویستی بەکۆرسی فەلسەفی هەیە لەسەر هاوڕێیەتی.
من دەمەوێ لێرەدا بەسادەی باسی هاوڕێیەتی لەناوکورددا بکەم، هاوڕێیەتی لەناوکورددا چی ماناو چێژێکی هەبوو جاران لە کوردەواریدا لەبری وشەی هاوڕێ وشەی برادەر بەکاردەهات (برا -دەر) واتە کەسێکی دیکە لەدەرەوەی ماڵ براتە، واتە جگە لەبراکانت لەدەرەوە کەسێکی دیکە هەیە برایەتیت لەتەکدا بەش کات و هاوکارت بێت لەڕاستیدا برادەری ئەوکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەبوو بەڵکو لەسەر بنەمای بەخشین و چاکەی هەردولا بوو، جاران هاوڕێکان یان برادەرەکان هێندەی براکانی ماڵ جێی ڕێزو خۆشەویستی بوون تا ئاستی گیانبازی دەبونە قوربانی یەکدی بەڵام هاوڕێیەتی ئەمڕۆ لە کەمیندایە بۆئەوەی هاوڕێکەی بکاتە قوربانی دەسکەوتێکی کاتی بۆ خۆی بەداخەوە لەتەک سەرهەڵدان و چڕبونەوەی بەرژەوەندیەکان برایەتی و هاوڕێیەتی بەرەو کاڵ بونەوە چووە بەتایبەتی ئەوکاتەی سیاسەت دێتە ناو هاوڕێیەتییەوە، ئیتر قێزەون دەبێت تا ئاستی زەلکاو تا ئاستی تراژیدیا و ترسناک دەبێت.
ئێستا متمانەی هاوڕێ تا ئاستی نزیک سفر پاشەکشەی کردووەو دوو هاوڕێ یەکێکیان پۆستێک وەردەگرێ هێشتا چلەی نەچووە هاوڕێکانی لەبری پشتیوانی کردنی دەکەونە تەقەو ڕاپۆرت نوسین لێی بۆ ئەوەی بیشکێنن و خۆی بڕواتە جێگاکەی، خۆ ئەم شکاندنە لەپێناوی خزمەت و چاکەی گشتیدا نیە تەنها و تەنها بۆ پارەیە بۆیە جاران هاوڕێیەتی جوانترین ناو و جوانترین پەیوەندی بوو لەناو کوردەواریدا، ئێستا نابوتترینە ئێستا بەشێکی زۆری هاوڕێکان سیخوڕن بەسەر هاوڕێ کانیەوە تائاستی دەنگ تۆمارکردن لە ڕێگای مۆبایلەکانیانەوە کەسێک بەناسراوێکی منی وت بوو هەرکەس تەلەفۆنم بۆ بکات لای خۆم دەنگەکەی تۆماردەکەم، ئەو ناسراوەی من پێی وتبوو بۆ چیتە؟ ووتبووی بۆ ڕۆژی خۆی ! بۆڕۆژێ بزانم دژی منە دژی بەکاری دەهێنم منیش پێم وت ئیتر ئەمە کەوتنی ئەخلاقە باوەڕم وایە ئەم کارە قێزەونە پیشەی زۆربەی دەوروبەرە کەمانە لەم ڕێگەوە ( ………)بەدەست دێنن ،وتم برادەر ئەوکەسەی مۆبایلی دروستکرد بیزانیایە کورد بۆ ئەوکارە بێ ئەخلاقینانە بەکاری دێنێت لەکەتەلۆکەکەیدا دەینوسی بۆ کورد نیە بەکاری بێنێ ! ئەگەر سەیری دۆخی هاوڕێیەتی بکەیت لە کوردستان دەبینین هاوڕێکان خەریکی هاڕینی یەکدین و هاوڕێیەتی توشی قەیرانی متمانە بوەو لەدۆخی چیرۆکی یوسف و براکانیدایە. ئەگەر کەسێک جوانبێت لەبیرکردنەوەدا ئەوا بیر لەوەدەکەنەوە وەک یوسف چاڵی بۆ هەڵکەنن بۆیە ئەگەر دوو هەنگاو زیاتر لەکەسێک نزیک بیتەوە سێ هەنگاو زیاتر لەچاڵەکە یان لە بیرەکە نزیک دەبیتەوە، بەڵام قسەیەک هەیە دەڵێن: ( هەرکەس چاڵ بۆ کەسێکی دیکە هەڵکەنێ دواجار ڕۆژێک دێت خۆی دەکەوێتە یەکێک لە چاڵەکان) یان دەڵێن ( ئەوەی بەساختەچییەتی بژی بە ڕسوای دەمرێ ) نموونەی بەر چاو زۆرن دواجار گرنگ ئەوەیە تۆ هاوڕێیەکی باش و بە ئەخلاق بە ئیتر ئەوە گرنگ نیە ئەوان چۆنن چونکە ژیان ململانێی بەردەوامی جوانی و ناشیرینیەکانە پرسیارەکە لێرەدایە ئایا هاوڕێیەتی ماوە یان هاوڕێی ڕاستگۆ ماوە؟ وەڵامەکەی جێ دەهێڵم بۆ خۆتان و هەڵسەنگاندنی خۆتان بۆ دەورووبەرەکانتان و ئەومەخلوقەی ئەمڕۆ ناوی هاوڕ ێیە.